عەلی حوسێن: 'ھەژماری من' یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکان بۆ ھەرێمی کوردستان

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە
عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، دەڵێت: "پرۆژەی هەژماری من، بەروارد بە پڕۆژەکانی دیکەی بانکیی، ئیمتیازی بۆ فەرمانبەر لە هەمووی باشترە".

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ورووژاندنی بابەتی پڕۆژەی ھەژماری من، سیاسییە و ئەگینا پرۆژەی ھەژماری من یەکێکە لە پرۆژە  گرنگەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان و فەرمانبەراندایە."

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، دەڵێت: پرۆژەی هەژماری من، بەروارد بە پڕۆژەکانی دیکەی بانکی ئیمتیازی بۆ فەرمانبەر لە هەمووی باشترە، ئەو پارەیەشی کە وەک عموولە دیاریکراوە لە هی هەموو بانکاکەنی دیکە کەمترە.

عەلی حوسێن، گوتیشی: هەندێک کەس دەیانەوێت بابەتی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە ناوەندیی بکرێت، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من، دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکومەت و ڕوونیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و ڕوون و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن لە کاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.