لە 24 کاتژمێردا هەشت کۆڵبەر لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار کران

کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

K24 - هەولێر

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە کوێستانەکانی سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شارەدێی هەڵشۆی سنووری پشدەر مینێک بە ژمارەیەک کۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەقیوەتەوە و دوو کۆڵبەر برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 تەقینەوەکە لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەردوو کۆڵبەرەکە بریندارەکەش لەلایەن هێزەکانی ئێران گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی شاری سەردەشت.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەری کۆڵبەر نیووز بڵاویکردووەتەوە، لە دوو ڕووداوی جیادا، هێزەکانی ئێران لە سنووری نەوسوودی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و شەش کۆڵبەریان بریندارکردووە.

ئاماژەشیداوە کۆڵبەرەکان خەڵکی گوندەکانی سەریاس، داڵاهۆ، سەڵاسی باوەجانی و شاری جوانڕۆن و دوو لە کۆڵبەرەکان برینەکانیان سەخت و تەندروستییان ناجێگرە.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو ماڵپەرە لە 12 مانگی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی ورمێ، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 44 کۆڵبەر بە دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، ڕنو، سەرما و سۆڵە، کەوتەخوارەوە لە شاخ کوژراون و مردوون، هەروەها 400 کۆڵبەری دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێرانەوە بووە.