سربیا.. هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی وڵاتەکەمان هەیە

ئەلێکساندەر، ڤۆتچێچ، سەرۆکی سربیا
ئەلێکساندەر، ڤۆتچێچ، سەرۆکی سربیا

K24 - هەولێر

ئەلێکساندەر ڤوتچێچ، سەرۆکی سربیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕووبەڕووی مەترسی بەرژەوەندی نیشتمانی دەبێتەوە.

گوتیشی: "لە ئێستادا بۆ من ئەستەمە بڵێم لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا چ هەواڵێکمان پێگەیشتووە، چونکە مەترسی ڕاستەوخۆ لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی گرنگی سربیا و کۆماری سرب بۆسنە دروست دەکات. لە ڕۆژانی داهاتوودا گەلی سربیا ئاگادار دەکەمەوە، لەو هەموو ئالەنگارییەی کە چاوەڕێی دەکەن. بەڵام ئەمەش لە ڕابردوو قورستر دەبێت بۆیان."

ڤوتچێچ لە بڵاوکراوەکەیدا هیچ وردەکارییەکی نەخستۆتە ڕوو، هەروەها بە تەواوی ڕوونی نەکردەوە کە چی مەترسی بۆ سەر سربیا دروست دەکات.

لای خۆیەوە ڕادیۆی بۆسنە پێی وایە ڕەنگە ڤوتچێتچ مەبەستی ئەو بڕیارەی بێت کە نوێنەری باڵای بۆسنە و هەرزەگۆڤینا کریستیان شمیت داویەتی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە بۆسنە. هەندێک میدیای دیکەش پێیان وایە ڕەنگە ڤوتچێتچ زانیاریی پەیوەست بە پەیوەستبوونی کۆسۆڤۆ بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا پێگەیشتبێت.

کریستیان شمیت چەندین جار ناڕەزایی خۆی لە نوێنەرانی کۆماری سرب لە ناوخۆی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا دەربڕیوە. زانراوە کە سربەکان دان بە دەسەڵاتی ئەم نوێنەرە باڵایە نانێن و ئاماژە بەوەش دەکەن کە شمیت مۆڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرنەگرتووە.

لای خۆیەوەی میلۆراد دۆدیک، سەرۆکی کۆماری سرب ڕەتیکردەوە هەموارەکانی نوێنەری باڵای یاسای هەڵبژاردنەکان قبوڵ بکات.

پێشتر دۆدیک جەختی لەوە کردەوە کە باشترە بۆ سربەکانی بۆسنە دەوڵەتێکی یەکگرتوو لەگەڵ سربیا و زەوییە سربییەکان لە ناوچەی کۆسۆڤۆ دابمەزرێنن.