گوتەبێژی گەشتوگوزار: خولی ڕاهێنان بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار و هونەرەجوانەکان دەکرێتەوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگواری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هاوکاری ڕێكخراوی "UNDP" و  "USAID" هەڵدەستیت بە کردنەوەی خولی راهێنان بۆ کارە دەستییەکان لە بواری بەرهەمە گەشتیارییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگواری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراویUNDP و هاوکاری دارایی ڕێكخراوی USAID،  هەڵدەستیت بە کردنەوەی خولی راهێنان بۆ کارە دەستییەکان لە بواری بەرهەمە گەشتیارییەکان.

بەگوتەی ئەو، "ئەم خولە بۆ پێگەیاندن و هاندانی خوازیارانی کارە دەستیەکان و رەخساندنی دەرفەتی کارە لەم بوارە. بەشداربووانی ئەم خولە پێویستە دەرچووی بەشەکانی ( گەشتوگوزار و هونەرەجوانەکان) بن و حەزی کارە دەستییەکانیان هەبێت.

دەشڵێت: "خولەکە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت. تێچووی خول و هاتووچۆ لە ئەستۆی ڕێكخراوی UNDPیە."

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: "دەستەی گەشتوگوزار دوای خولەکە ئاسانکاری بۆ بەشداربووان دەکات، تاکو لە شوێنێکی گەشتیاری کار بکەن و بەرهەمەکانی بە بازار بکرێت. لە کۆتایی خولەکە پێشانگایەکی کارە دەستییەکان بۆ بەشداربوان دەکرێتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، درووستكردنى مەداليا و جوانكارى ناو ماڵ بە قوڕى سيرِاميک، درووستكردنى ئيكسسوارات (جانتا، ملوانكە، بازن، گوارە، تەوقەی قژ) لە مورو و کەلوپەلی جیاواز، دووستكرنى جوانكارى ناو مال و ئيكسسوارات و مەداليا بە بەکارهێنانی دار بە ئامێر. هەروەها درووستكردنى بۆكس و كەرستەكانى ناو ماڵ بە بەکارهێنانی گۆڤار و کارتۆنی رەنگاو رەنگ.

دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند، بڕوانامەی بەشداریکردن دەدرێت بە بەشداربووان. لە دوای خولەکە بەشداربووان لە دەستەی گەشتوگوزار ناویان تۆمار دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامییان لە کارە دەستییەکان. پێش دەستپێکردنی خولەکە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشداربووان دەکرێت.

هەروەها پێویستە بەشداربوو لە رۆژی چاوپێکەووتن بەڵگەنامەی دەرچوون لەگەڵ خۆی بێنێت. دوا کات بۆ پێشکەشکردن 31ـی ئادار رۆژی یەکشەممە یە.

بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە سەردانی ئەم لینکە بکەن.