غەفوور مەخمووری: ئەو لایانانەی بەشدارن لە حکوومەت گرفتیان بۆ سەرۆکی حکوومەت دروستکردووە

"ماوەی 10 ساڵە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق سیاسەتی برسیکردن بەرانبەر کوردستان پەیرەو دەکەن"

K24 - هەولێر

سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەروەها لایەنە سیاسییەکان لەیەکتر دوورکەوتوونەتەوە بۆیە نەیارانی ئێمەش سوود لەو ناتەباییەی ئێمە وەردەگرن، سەرۆکوەزیران هەوڵیدا دامەزراوەکان بە سیستەماتیک بکات، بەڵام گرفتیان بۆ دروست کردووە.

غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ناوەندی سیاسی کوردستان پەرش و بڵاوە، هەروەها لایەنە سیاسییەکان لەیەکتر دوورکەوتوونەتەوە و ڕاوێژی سیاسی نەماوە، ئەمەش دۆخێکی وای دروستکردووە کە هەموومان یەکگرتوو نەبین. وە نەیارانی ئێمەش سوود لەو ناتەباییەی ئێمە وەردەگرن.

مەخمووری ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی یەک هەڵوێستی و یەک نەبوونمان، نەیارانمان هەوڵدەدەن دەست لەکاروباری کوردستان وەربدەن، هەروەها هەوڵی ئەوە دەدەن بەشێوەیەک لە شێوەکان هەندێک لایەنی سیاسی بخەنە ئەجێندای کارەکانی خۆیان.

باسی لەوەشکرد، لەسەرەتای دەستپێکی ئەو کابینەیە، سەرۆکوەزیران هەوڵیدا دامەزراوەکان بە سیستەماتیک بکات، زۆر هەنگاویش چوونە پێشەوە، ئومێدیشمان ئەوەبوو حکوومەتە بکرێتە تەکنۆکرات و هەنگاوی جددیش لەوبارەوە نرا، بەڵام بەداخەوە ئەو لایانانەی بەشداریشن لە حکومەت وەکو پێویست هاوکاری سەرۆکی حکوومەتییان نەکرد. نەک ئەوکارەیان نەکرد بەڵکو گرفتیان بۆ حکوومەت دروستکردووە.

مەخمووری دەشڵێت: هەر نوشستییەک ڕوو لە باشوور بکات، ئەوە نوشستییە بۆ هەموومان، بۆیە ئێستا حکوومەتی عێراق و وڵاتانی دەوورووبەر هەوڵی ئەوە دەدەن دەسەڵاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سنووردار بکەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی بینیان ئەو حکوومەتە دەیەوێت دەوڵەت سازی بکات.

سکرتێرەکەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاند، لە 2014ەوە تا 2024 کە ماوەی 10 ساڵە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق سیاسەتی برسیکردن بەرانبەر کوردستان پەیرەو دەکەن، وە لەهەمانکاتدا هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕیووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو کابینەکانی بەغدا لەکاتی لاوازیان هانایان بۆ کوردستان هێناوە، بەڵام کە بەهێز بووینە دژی خواستی کورد وەستاونەتەوە، هەر لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە ئەو یارییە بەردەوام بووە.