حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی بازرگانان دەکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ وەرگرتنەوەی 1.367 ترلیۆن قەرزی بازرگان، سەرمایەدار و وەبەرهێنەران دەکات. 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لەرێگەی 20 بانکی حکوومییەوە بڕی زیاتر لە 404 ملیار و 940 ملیۆن دیناری داوە بە بازرگان، سەرمایەدار و وەبەرهێنەران، بەڵام زۆرینەی ئەو قەرزە تا ئێسا نەگەڕێنراوەتەوە و رێژەی سووی سەر قەرزەکانیش بووەتە نزیکەی دووهێندەی خودی قەرزەکە.

بەپێی ئەو داتایانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بانکە بازرگانییەکانەوە بۆ کوردستان24 نێردراوە؛ ئێستا کۆی قەرزی ماوە و رێژەی سووی سەر قەرزەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ترلیۆنێک و 367 ملیار دینار، کە نزیکەی 988 ملیار دیناری لە سووی سەر قەرزەکان پێکدێت.

لە کۆی ئەو قەرزەی کە دراوە بە بازرگان و وەبەرهێنەران، تائێستا تەنها 25 ملیار و 264 ملیۆن دیناری بۆ حکوومەت گەڕێنراوەتەوە، بەو هۆیەوە حکوومەت دەستی بەسەر بەشێک لەو موڵکانەدا گرتووە کە وەکو (بارمتە) لەبری قەرزەکان دانراون، بەهای موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکان گەیشتووەتە 110 ملیار و 169 ملیۆن  دینار. 

پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا یاسای چاکسازیی پەسەند کرد، بەپێی یاساکەش دەبێت رێکاری پێویست بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە بگیردرێتەبەر.

یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە تاوتوێکردنی رێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە.