سەرۆک بارزانی: ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی

کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

K24 - هەولێر

ڕۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕ كرا و پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە "هەر لە 1991ـەوە پارتی دەستپێشخەری هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی بووە و هەمیشەش لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێناوە. ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگەی فیدراڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت".

سەرۆک باررزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین، بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدراڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت". سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند، "ئێمە ناچینە ژێر باری بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدراڵ كە تێیدا دادگە خۆی خستووەتە جێگەی دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن". هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە، "تێبینی و داواكارییەكانی پارتی یاسایی و لە چوارچێوەی دەستوور و لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ڕاست و ڕەوا و بێگەردە".

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیکەی گوتەکانیدا تیشكی خستەسەر سیاسەتی برسیكردن و بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان و جەختی كردەوە كە ناكرێ مامەڵەی سیاسیانە لەگەڵ بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بكرێت بۆ لاوازكردن و شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان، بەپێویستی زانی كە چارەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ بابەتی بودجەی هەرێم دابنرێت. ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە كە "ئێمە پشت ئەستوورین بە ڕەوایەتیی دۆزی گەلەكەمان و هەرێمی كوردستان بە خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستان دروست بووە نەك بە بڕیاراتی دەرەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان".

هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی هەر لە سەرەتای نەوەدەكانی سەددەی ڕابردوو هەتا ئێستا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و پاڵپشتیی لە هەرێمی کوردستانی بەهێز دەکات. باسی لەوەشكرد "ڕۆڵی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان گرنگە و پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا بە بێی ڕۆڵی پارتی پڕۆسەیەكی كامل نابێت و دەمانەوێت یارمەتیدەر بن بۆ چارەكردنی كێشەكان". ڕاشیگەیاند، "لە نیگەرانییەكانتان دەگەین و بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەشدار و هاوكار بن بۆ چارەی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد."