سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی: سوپاسی خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م

K24 - هەولێر:

له‌ په‌یامێكدا سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت: "هیوادارم بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین".

دوای کۆبوونەوەی ئه‌مڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مه‌سرور بارزانی سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد: سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خه‌ڵكی كوردستان دەکەم و هیوادارم بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ئابڵووقە ئابوورییه‌ی کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

دوێنێ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی بەشداریکردنی لە ئێوارەخوانێکی بەربانگ لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر، ڕایگەیاند: سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، چه‌ند بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ده‌رده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ چارەکردنی کێشەکان دەیکەین، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بێت، بەبێ ئەوەی واز لە مافی دەستووریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنین".