ئەمەریکا هانی تیمی یونیتاد دەدات بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵ عێراق

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت، تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش "یونیتاد" هاندەدەن لەپێناو پارێزگاریکردن لە قوربانییان و شایەتحاڵەکان، لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای پێکهێنانی یونیتاد ئەمەریکا پشتیوانی لە کارەکانی کردووە کە یارمەتی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیداوە بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش بۆ تاوانەکانیان، وەک ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید لەدژی پێکهاتە ئاینییەکان لە عێراق.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، گوتی: پشتیوانی لە ئەنجامێکی کۆتایی رێكخراوه‌یی کارەکانی یونیتاد دەکەین، هاوبەشیکردنی یونیتاد بە بەڵگەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و پشتیوانیکردن لە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش لە وڵاتانی دەرەوە بەشێکی گرنگی کارەکانییەتی.

ماتیو میللەر، دەشڵێت:"یونیتاد هاندەدەین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی رێکارەکانی پارێزگاریکردن لە شایەتحاڵ و قوربانییان بەردەوام بێت، کە ئازایانە بەڵگەیان تەرخان کرد، زامنی ئەوەش دەکەین عێراق و وڵاتانی دیکەی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان بتوانن بەردەوام بن لە گەیشتن بەو بەڵگانەی یونیتاد کۆیکردووەتەوە و لەپێناو بەکارهێنانی بەڵگەکان لە ئایندەدا بەشێوەیەکی گونجاو ئەرشیف بکرێن و بپارێزرێن".

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش "یونیتاد" بە بڕیاری 2379ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق دەستبەکاربوونە. تیمەکە نزیکەی 230 کارمەند و سێ نووسینگەی لە عێراق هەیە. یەکێکیان لە بەغدایە، دووانیشیان لە هەرێمی کوردستانن، لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک".

ئەمساڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕیاری 2697 بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتادی دەکرد. ئەو تیمە تاوەکو 17-09-2024 لە ئەرکەکەی لە عێراق بەردەوام دەبێت.