پۆلیسی ئەمەریکا: کەسێکمان دەستگیر کرد کە 11 کەسی کوشت و بریندار کردووە

K24 - هەولێر

پۆلیسی ناوچەی ڕۆکفۆرد لە باکووری ویلایەتی ئیلینۆی، کەسێکیان دەستگیرکرد کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی چوار کەسی کوشت و حەفت کەسی دیکەشی بریندارکرد.

کارلا ڕید، بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕۆکفۆرد بە ڕۆژنامەی ئاسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، پیاوێکی تەمەن 22 ساڵ دەستگیرکراوە کە چوار کەسی کوشتووە و حەفتی دیکەشی بریندار کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە بریندارەکان باری تەندروستی ناجێگیرە.

ڕید ڕاشیگەیاند، "هیچ پاڵنەرێکی ڕوونمان بۆ ئاشکرا نەبووە، کە هۆکاری ئەوەی ئەم کەسە تاوانێکی وا قێزەون ئەنجام بدات چیبووە".

سەرەتا پۆلیسی ڕۆکفۆرد ڕایگەیاند، کە پێنج کەس بریندار بوون، هەروەها سێ کەس بەهۆی سەختی برینەکانییان گیانیان لەدەستداوە، کەسی چوارەمیش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

دواتر پۆلیس ناسنامەی قوربانییەکانی کچێکی تەمەن 15 ساڵ و ژنێکی تەمەن 63 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 49 ساڵ و پیاوێکی دیکەی تەمەن 22 ساڵ ڕاگەیاند.

ڕید داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کردووە پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێری بکەن لە ماڵەکانیاندا بۆ ئەوەی بەدوای هەر شتێکدا بگەڕێن کە پەیوەندی بە هێرشەکەوە هەبێت.

دانیشتوانی ڕۆکفۆرد نزیکەی 150 هەزار کەسە و نزیکەی 145 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای شیکاگۆ دوورە.

تۆم مەکنامارا سەرۆکی شارەوانی ڕۆکفۆرد گوتی: "ئەمڕۆ، ئێمە تووشی شۆک بووین بەهۆی کردەوەیەکی تری ترسناکی توندوتیژی دژی ئەندامانی بێتاوانی کۆمەڵگاکەمان."

سەرۆکی شارەوانی لە لاپەڕەی فەیسبووکی شارەکەدا نووسیویەتی "چەند دەسەڵاتێکی دادوەری" کار لەسەر "چەند شوێنی تاوانەکە دەکەن بۆ ئەوەی هەوڵبدەن لەوە تێبگەن کە چی ڕوویداوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی".