هاووڵاتییانی تورکیا بڕوایان بە بەڵێنی کاندیدان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری نییە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە تورکیا تادێت بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان گەرمتر دەبێت، زۆربەی ئەو بەڵێنانەی لە بانگەشەکاندا دەدرێن بەڵێنی ئابوورین و خۆیان لە باشکردنی دۆخی ئابووری خەڵک دەبیننەوە، بەڵام زۆرێک لە هاووڵاتییان هیچ هیوایەکیان بەو بەڵێن و بانگەشانە نییە.

تورکیا نزیکبووەتەوە لە قۆناغی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە 31ی ئادار بەڕێوەدەچێت و قۆناغی درێژخایەنی بانگەشەی هەڵبژاردن تەواو دەکات، کە لە ساڵی ڕابردووەوە ئەو وڵاتە شاهیدی بووە. لەم هەڵبژاردنەدا لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ دەکەن بۆ دیاریکردنی داهاتووی وڵات و لە هەمان کاتدا ئایندەی سیاسی خۆیان، سەرجەم پارتەکان بەڵێنی زۆریان داوە بە هاووڵاتییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتیش قەیرانی ئابووری تورکیا.

هاووڵاتیی ئیلحان ئەسڵان دەڵێت، "هەڵبژاردن پەیوەستە بە زۆر شتەوە، ناتوانێ بە یەکجاری هەموو شتێک بگۆڕێت. دۆخێکی ئابووری لە وڵاتدا هەیە،  پێموانییە ئەم دۆخە لە ناکاو پێچەوانە بێتەوە یان باشتربێت".

هاووڵاتیی ئەرکان سەهوریش ئاماژە بەوە دەدات، "بە ڕای من زۆر شت دەگوڕێت ئابووریش باش دەبێت و خەڵکیش دڵخۆش دەبن چۆن هیوامان بە پارتەکەمان هەیە و ئینشائەڵڵا ئەوەی هیوامان پێیەتی سەرکەوتوو دەبێت".

ئەوی هاووڵاتییانی تورکیای بێزارکردووە، قەیرانی ئابوورییە. حکوومەت لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماردا بە چەندین قۆناخی جیا جیا هەوڵی زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی داوە، بەڵام بەرزی هەڵاوسان لە تورکیا کێشەکانی چارەسەرنەکردووە ئەمەش هاووڵاتییانی بێزار کردووە بۆیە زۆرینەیان داوا دەکەن کێشەکان چارەسەربکرێت.

ئیپێک شینەل، خوێندکارە و دەڵێت، "گرنگ نییە کێ لە کوێ هەڵدەبژێردرێت، گرنگ نییە لە ئەنقەرە، ئیستانبوڵ یان ئیزمیر كێ هەڵدەبژێردرێت، مەبەستم ئەوەیە  ئەم دۆخە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت و گرانیش هەر بەردەوام دەبێت" .

تایفون ئەلیفیش فەرمانبەرێکی خانەنشینە و باس لەوە دەکات، "لە دوای هەڵبژاردن چاوەرێی هەڵاوسانی بەرزدەکەین  وەکو توفانێک دێت و هەمووی لوول دەدات. هەرشتێکیش بگۆردرێت ئەگەر هەڵاوسان چارەسەر نەکرێت کەواتە هیچ. خەڵک هەمووی قەرزدارن و بێ هیوا دەژین، ئەمە هەڵبژاردنی دەسەڵاتە نمایشکردنی خۆیانە و هیچی دیکە" .

لە تورکیا، لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار؛ بابەتی کەمی مووچە و قەیرانی ئابووری زیاتر باسی لێوە دەکرێت، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام بەڵێنی چارەسەرکردنی رەوشی ئابووری تورکیا دەدەن و رەخنە لە کەمی مووچەی فەرمانبەران دەگرن، ئێستا ئەو پرسە بووەتە بەشێک لە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و لایەنەکان دژی یەکتربە کاری دێنن.