لەمڕۆوە لیستی مووچەی مانگی سێ بە پلە بەرزکردنەوەوە ئامادە دەکرێت

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

لەمڕۆوە دەستە، فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکەن بە ئامادەکاریی لیستی مووچەی مانگی سێ بە پلە بەرزکردنەوەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوێنێ چوارشەممە، 27-03-2024، سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی میلاکاتی وەزارەت، دەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی بۆ  قسەکردن و پێدانی زانیاری لەبارەی چۆنییەتی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەران بە پلە بەرزکردنەوەوە؛ کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند، دەستە، فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، 28-03-2024، دەست دەکەن بە ئامادەکاریی لیستی مووچەی مانگی ئادار (سێ) کە تێیدا پلەی فەرمانبەران بەرزکرابێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، 27-03-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش. گوتیشی، "ئێمە حکوومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە بۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن ".

لەلایەن خۆیەوە ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وردبینیی لە کۆدی هێزەکانی پێشمەرگە و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان  لەلایەن چاودێریی دارایی هەرێمەوە تەواو کراوە و ڕەوانەی بەغدا کرا و چاوەڕێ دەکرێت سبەی تەواوکاریی مووچەی مانگی دوو بنێردرێت و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

هاوکات عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بە کوردستان24ـی راگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە، لیستی هێزە ئەمنییەکانیش بە کۆد رەوانە کراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی وردبینی لە هەموو لیستەکاندا کردووە و هیچ کێشەی تێدا نەبووە.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچە ڕێککەوتوون، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو کردوویەتی، هەروەها ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ دەستیپێکردوووە و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.