عەبدولحەکیم خەسرەو: هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕایدەگەیەنێت؛ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچە ڕێککەوتوون، هاوکات هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کراوە، لیستی هێزە ئەمنییەکانیش بە کۆد رەوانە کراوە، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی وردبینی لە هەموو لیستەکاندا کردووە و هیچ کێشەی تێدا نەبووە.

وەزارەتی دارایی سبەینێ لیستی مووچە بڵاودەکاتەوە و دابەشکردنی مووچەش بەردەوام دەبێت

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاشیگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچە ڕێککەوتوون، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو کردوویەتی، هەروەها ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی سێ دەستی پێکردەوە و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.

عەبدولحەکیم خەسرەو، ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە سبەینێوە دەست دەکات بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی دوو، بۆ ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، دەڵێت: لە ماوەی ڕابردوودا سەردانێکی تایبەتمان هەبوو بۆ بەغدا، لەگەڵ تیمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە مووچەی فەرمانبەران بەشێک نەبێت لە ئینفاقی فیعلی تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە.

عەبدولحەکیم خەسرەو، دووپاتیکردەوە، هیچ گرفتێک لەسەر ڕەوانەکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نییە، بەڵکو ئەوە دەبێتە پڕۆسەیەکی مانگانە و لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ دەنرێدریت بە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیشەوە.

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان بەغدا و هەولێردا نەماوە.

پڕۆژەی 'هەژماری من' بەردەوام دەبێت

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، باس لەوە دەکات، پڕۆژەی 'هەژماری من' بەردەوام دەبێت، هەروەها بانکی ناوەندیی عێراق ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەی هەژماری من داوە.

ئاماژەی بەوەشدا، تیمێکی تایبەت کە بە سەرپەرشتی پڕۆژەی 'هەژماری من' دەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدان و لەگەڵ بانکی ناوەندی لە گفتوگۆدان لەبارەی هەنگاوی داهاتوویان.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەبارەی لێخۆشبوون لەسەر قەرزەکانی سەر هاووڵاتییان، روونیکردەوە، لەماوی رابردوودا کۆمەڵێک بڕیاری دیکەش لەسەر قەرزەکانی سەر هاووڵاتییان دەدرێن، کە ئەمەش کارییگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، هەروەها حکومەت کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجی لەسەر شانی هاووڵاتی و ئاسانکاریشیان بۆ دەکات بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.

عەبدولحەکیم خەسرەو، لەبارەی باجی سەر هاووڵاتییان دەڵێت: لە یاسای باجدا دەسەڵات دراوەتە وەزارەتی دارایی کە ئاسانکاری بکەن لە پڕۆسەی وەرگرتنەوەی باج لە هاووڵاتییان، لە هەمانکاتیشدا خەڵکانیك هەبوونە لە رابردوودا باجیان نەداوە، لێخۆشبوون بۆ سەرجەمیان دەکرێت.

"زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت"

عەبدولحەکیم خەسرەو، گوتی: ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپارد کە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی بەیەکەوە هەماهەنگی بکەن و رێکاری دابەشکردنی زەوی دەستنیشان بکەن، ئەم پڕۆژەیە گشت ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە لە رابردوودا سوودمەند نەبوونە.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەبارەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەمپەر نین لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هەر گرێبەستێک کە لەگەڵ هەر کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت کردبێتی و، رێز لە سەرجەم گرێبەستەکانی نێوانیان دەگرن.

عەبدولحەکیم خەسرەو، جەختی لەوەشکردەوە، هەوڵدەدرێت لەو نزیکانە لەسەر پرسی دەرهێنانی نەوتیش رێککەوتن بکرێت لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە بە شێوەیەک لە سوودی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دا

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارماندا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.