ئاری ئەحمەد: هاووڵاتییەکی زۆر لە  لێخۆشبوونی کرێی ئاو سوودمەند دەبن

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی ئاو وئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار هاوبەشمان هەیە، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بە هەموو جۆرەکانیانەوە هاووڵاتییان سوودمەند دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو وئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو بڕیارانەی سەرۆکوەزیران دای، باری سەر شانی هاووڵاتییانی بە هەموو جۆرەکانییەوە کەم دەکاتەوە.

بەگوتەی ئەو، "چەند جارێک بە بڕیار ئەو لێخۆشبوونانەکراوە بۆ ئاو بە ڕێژەی 15% بەڵام ئەو لێخۆشبوونی ئەمجارەی لە کرێی ئاو 20% سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەیە. هەروەها لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار هاوبەشمان هەیە، بە هەموو جۆرەکانییەوە، جا چ یەکەی نیشتەجێبوونە، یاخود، بازرگانییە، یان گەشتوگوزارە یان پیشەسازییە، یا فەرمانگەی حکوومییە یا ناحکوومی، لەگەڵ ئەو شوێنانەی خواپەرستی کە لێی دەکرێت."

ئەو دەشڵێت: "ئەو ملیۆن و 200 هەزارە هاوبەشە پێشتر لە ڕێگەی 15% داشکاندن لە ساڵی 2021یەکەوە کە دەستی پێکرد، بۆ ئاسانکاری هاووڵاتییان، نزیکەی 320هەزار هاوبەش سوودمەند بوون لێی، و لە ڕابردوودا بە ڕێژەی نۆ ملیار و 200 ملیۆن دینار لێخۆشبوون بۆ قەرزی ئاو کراوە، لێخۆشبوونی ئەمجارەی کە 20% هاووڵاتییان زیاتر سوودمەند دەبن لەو داشکاندنە."

ئاری ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین زانیارییەکان بە شێوەیەکی فەرمی بگاتە دەستمان، بۆ ئەوەی دابەشی بکەین بەسەر هەر 14 بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کورستان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تێیدا سوودمەند بن."

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.