شوکری شەفیق: بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران کاریگەریی لەسەر بازاڕ دروست کردووە

شوکری شەفیق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاودێری بازرگانی دهۆک
شوکری شەفیق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاودێری بازرگانی دهۆک

K24 - هەولێر

بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاودێریی بازرگانیی دهۆک ڕایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانەوە بازاڕی ئەمڕۆ لەگەڵ ڕۆژانی ڕابردوودا جیاوازی هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئاداری 2024، شوکری شەفیق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاودێریی بازرگانیی دهۆک، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، بازاڕی ئەمڕۆ و ڕۆژانی پێشتر لەلایەن هاووڵاتییان و حکوومەت و ئێمەش بازاڕێکی پشێوو بوو، بازاڕ لە خواستی هاووڵاتییاندا و بازارگانانیش نەبوو.

بەگوتەی ئەو، "ئێمە هەموو کاتێک پێشبینی ئەوە دەکەین کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەندێک بڕیار بدەن لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی بازاڕ باش بێت، بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانیش بڕیارێکی دڵخۆشکەربوو، بۆ هاووڵاتییان و بازرگان، فرۆشیار."

شوکور شەفیق گوتیشی: "بەشێوەیەکی گشتی ئیش و کارێکی باش دەکەوێتە بازاڕەوە و هاوکارییەکی باشیشە بۆ هاووڵاتییان، بۆ ئەو بازرگانانەی کە هاوردەی کاڵا دەکەن بەم بڕیارە هەموویان سوودمەند دەبن. بازاڕی ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ جیاوازی هەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بازار جۆرە بێدەنگییەکی پێوە دیار بوو بەڵام ئەمڕۆ جیاوازترە بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانەوە."

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.