مەریوان باکۆک: خاوەنکارەکان سوودمەندی یەکەمن لە بڕیاری لێخۆشبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەی حکوومەت زۆر گرنگ بوو لەو دۆخەی ئێستا بڕیارەکەش ئەوکەسانە لێی سوودمەند دەبن کە پارەی دەستەبەری کرێکاران لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەدەن.

مەریوان باکۆک، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی حکوومەت زۆر گرنگ بوو لەو دۆخەی ئێستا، بڕیارەکەش ئەوکەسانە لێی سوودمەند دەبن کە پارەی دەستەبەری کرێکاران لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەدەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دانی ئەو بڕە پارەی کە بەشداربووەکان  بەهەر هۆکارێک بێت، دواکەوتووە، وای کردووە سزای داراییان لەسەر کۆبکرێتەوە، بۆیە کە دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکی حکوومەت بڕیارەکەی ڕاگەیاند، خەڵکێکی زۆر کە دواکەوتبوون لە پێدانی بەشداری، بەهۆی ئەوەشەوە سزایان کەوتبووە سەر، بۆیە خاوەنکارەکان سوودمەندی یەکەمی ئەو بڕیارەن.

دەشڵێت: دواکەوتنی پێدانی ئەو بەشدارییە، بەهۆی دۆخی خاوەنکارەکان و ئەو پاڵەپەستۆیەی کە لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەیە، وای کردووە ئەو کەسانە نەتوانن لەکاتی خۆی مامەڵەکانیان تەواوبکەن. بۆیە تووشی سزا بوونەتەوە.

سەبارەت بە چاودێریی خاوەنکارەکان، مەریوان گوتی: لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی پشکنەرمان هەیە، کە کاریان ئەوەیە بەسەر دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتدا بگەڕێن، ڕاپۆرتێک لەبارەی کرێکارەکان و شوێنەکە و کەموکووڕییەکان ئامادە دەکەن. هەروەها ئەو کرێکارانەی دەستەبەر نەکراون ناویان دەنووسن بۆ ئەوەی دەستەبەر بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگترین بڕیاری سەرۆکی حکوومەت لەساڵی 2022 بوو، ئەویش جیاکردنەوەی کرێکارانی بیانی لەگەڵ کرێکارانی خۆماڵی، هەروەها دەبێت بواری زیاتر بە کرێکاری خۆماڵی بدرێت وەک لە کرێکاری بیانی، کە لەمەودوا دەبێت هەموو پڕۆژەیەک لە 75% کرێکاری خۆماڵی بێت.