ئیسرائیل بە نهێنی سیستەمێکی تەکنەلۆجیی پێشکەوتووی لە غەززە کارا کردووە

ئیسرائیل لە غەززە سیستەمی ناسینەوەی رووخساری کارا کردووە
ئیسرائیل لە غەززە سیستەمی ناسینەوەی رووخساری کارا کردووە

K24 – هەولێر:

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئیسرائیل لە کانوونی دووەمی 2023ـەوە سیستەمی ناسینەوەی ڕوخساری لە کەرتی غەززە بۆ چاودێریی فەڵەستینییەکان بەبێ ئەوەی ئەوان ئاگاداری ئەو کارە بن، کارا  کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە، سیستەمی ناسینەوەی ڕوخسار لە کەرتی غەززە لە کانوونی دووەمی 2023ـەوە کارا کراوە، کە تەکنەلۆجیایەکی تاقیکارییە بۆ ئەنجامدانی چاودێریی بەکۆمەڵ و ناسینەوەی ڕووخساری فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەوان.

ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەتا ئەم سیستەمە بۆ گەڕان بەدوای بارمتەکاندا بەکارهاتووە کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا ڕفێندرابوون، بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل زیاتر دەستی کرد بە بەکارهێنانی ئەو سیستەمە بۆ ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بەو کارەوە هەیە.

ڕۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند ڕۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومان کرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیشی بە بارمتە دەستگیر کرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازاد کراون.