وەزارەتی دارایی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی بڵاو کردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دارییی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە ڕۆژی شەممەی داهاتوو دابەشکردنی مووچەکە دەست پێدەکات تا ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی (30ـی ئاداری 2024) دەست به دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و دابەشکردنی مووچەکەش بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێدەکات و بە خانەنشینانی پیشمەرگە کۆتایی دێت.

هەر ئەمڕۆ نادر مەجید نادر، بەڕێوەبەری جوڵەی دراو لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی 599 ملیار دینارمان لە بانکی ناوەندیی لقی هەولێر وەرگرتووە و خستمانە سەر هەژمارەکانی بانکی حکوومیی بەمەبەستی ئامادەکردنی مووچەی مانگی دوو.

گوتیشی: ئێمە داوامان لە عێراق کردووە 944 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان ڕەوانە نەکردووە، کە ئەویش نزیکەی 350 ملیار دینارە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لە 5-3، لیستەکەمان ڕەوانەی بەغدا کردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بنێرن تاوەکو مووچە بەتەواوی دابەش بکەین.

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئاداری 2024 تاوەکو ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی.

ت