ساسان عەونی: لە هەفتەی داهاتووەوە ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێدەکات

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕایگەیاند: لە هەفتەی داهاتووەوە دەست دەکرێت بە ئامادەکردنی رێنماییەکان و پرۆسەی دەستنیشانکردنی زەوی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەراندا.

ڕۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند: دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی 2006ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکراوە و دوای 18 ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون و ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناهەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.

لەبارەی شێوازی دابەشکردنی زەوی، ساسان عەونی ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دامەزراوەکانی وەزارەتەکەی و پارێزگاکان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێنماییان پێبدەن تاکوو دەست بە دیاریکردنی زەوی و دەستنیشانکردنی ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی هەیە بەشێوەی خەمڵاندن، بکەن.

هەروەها وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پرۆسەیە کاری ئەندازیاریی و هونەریی پێویستە و ئەگەر بۆ دابینکردنی زەوی، موڵکی شارەوانی هەبوو ئەوا کارەکان ئاسانتر دەبن، بەپێچەوانەشەوە ئەوا زەوی پێویست ئیتفا دەکرێت و دوای ئیفراز کردن و دانانی نەخشە، دەست  بە دابەشکردنی دەکرێت.

هاوکات لەبارەی ڕێنماییەکانی دابەشکردنی زەوەی، ساسان عەونی ڕوونی کردنەوە، لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبنەوە بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکان و خاڵەکان بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کێ دەگرێتەوە و دووپاتی کردەوە کە هەر کەسێک مووچەخۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە مەدەنی و سەربازیی، مافی وەرگرتنی زەوی هەیە.

سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ، ساسان عەونی باسی لەوە کرد، لە کاتی دانانی ڕێنماییەکان هەموو ئەوانە ڕووندەبێتەوە و بنەمای دادپەروەری ڕەچاودەکرێت کە ئامانج لەم کارەش خزمەتکردنی هاووڵاتییانە.

لەبارەی نەخشەی پالانسازی زەوییەکان، ساسان عەونی باسی لەوە کرد، کە رووبەڕی سەوزایی و فراوانیی شەقام و دابینکردنی زەوی شوێنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەبەرچاو دەگیرێت و لە قۆناغی دووەم لە دوای دابەشکردنی زەوییەکانیش  بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ زەوییەکان، کاردەکەن.

هەروەها جەختیکردەوە، لە داهاتوودا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانای دارایی هەبێت و لەو قەیرانە داراییە دروستکراوانەی ئێستا بڕەخسێت، ئەوا بیر لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر دەکاتەوە و بە دڵنیاییەوە یەکێک لەوانەش بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و فەرمانبەران پێشکەشکردنی قەرزی خانووبەرەیە.

لەبارەی بڕیارێکی دیکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ داشکاندن بەڕێژەی 20% لە شارەوانی، ساسان عەونی ڕایگەیاند: چەند خاڵێک دەگرێتەوە، وەک کرێی ئاو، کرێی خۆڵ و خاشاک، کرێی ساڵانە، ڕسووماتی پیشەیی، ڕسووماتی هەڵواسینی تابلۆ و ڕسووماتەکانی کەرتی گەشتگوزار و تا باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و هیچ وادەیەکی کۆتایی بۆ دانەنراوە.