ئەحمەد گەرمیانی: بڕیاری دابەشکردنی زەوی ورەی زیاتر دەدات بە مامۆستایان

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن بۆ دابەشکردنی زەوی و سکرتێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: ئەم بڕیارە ورەی زیاتر دەدات بە مامۆستایان کە لە هەموو بارودۆخێکدا لە ئەرکەکەیان بەردەوام بوون.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  چەند بڕیارێکی دەرکرد کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانن و ناھەمواریی ئابووریی سەرشانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سووک دەکەن، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

ئەم بڕیارەش بووە جێگەی دڵخۆشیی فەرمانبەران و مامۆستایان، لەلایەن خۆیەوە ئەمەل سەعید، کە 31 ساڵە فەرمانبەرە و تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبووە لە وەرگرتنی زەوی،  دڵخۆشیی خۆی بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەربڕی.

لەوبارەیەوە ئەحمەد گەرمیانی، سکرتێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند: بڕیارێکی گرنگە بۆ مامۆستا و فەرمانبەران، وایکردووە کە جارێکی تر ورەی زیاتر بدات بە مامۆستایان کە لە هەموو بارودۆخێکدا لە ئەرکەکەیان بەردەوام بوونە.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیاندا کاری کردووە و چەقی کارنامەکەی هاووڵاتیی بووە، بۆیە تا ئێستا  دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان دەرکردووە کە باری سەرشانی ھاووڵاتیان ئاسانتر بکا،ا یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایانی دڵخۆش کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند: دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی 2006ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەکراوە و دوای 18 ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون و ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناهەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.

رۆژی (27ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، کە یەکێک لە بڕیارەکان ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بوو بۆ تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانی تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوون.