کوێستان محەممەد: بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کۆمپانیاکان هەنگاوێکی گرنگە

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 – هەولێر:

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: بڕیاری لێخۆشبوون بۆ قەرزە کەڵەبووکانی سەر کۆمپانیاکان بە رێژەی 100% بڕیارێکی گرنگە و خاوەنکار و کرێکار تێیدا سوومەند دەبن.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەگەر خاوەن کارەکە بۆ ماوەی 90 رۆژی کار تەواوی بەشدارییەکانی هێنایەوە لە 100% ئەو سزایەنەی کە لەسەریەتی دەسڕێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەو خاوەنکارەی کە قەرزەکانی لەسەر کەڵەکە بووە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: بەپێی یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبێت هەموو شوێنکارێک کرێکارەکانی دەستەبەر بکات، بۆ ئەوەی ئەو مافەی کە کرێکارێک لە کەرتی گشتی هەیەتی خانەنشین دەبێت بە هەمان شێوە کرێکار لە کەرتی تایبەتیش هەیبێت.

کوێستان محەممەد، ئاماژەی بەوەدا، پیشتریش هۆشیاری یاسایی نەبووە لەلایەن خاوەنکارەکان بۆ ئەوەی کرێکارەکانیان دەستەبەر بکەن، هەندێکیشیان بۆیە پارەی دەستەبەریان نەداوە چونکە رێکارەکان زۆر توند نەبوون، لە ئێستادا لە 60% شوێنکار و کرێکاران دەستەبەرکراون.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتی: ئەم لیخۆشبوونی سزایەش کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لەبارەوە درا وا دەکات ئەو خاوەنکارانەی کە قەرزێکی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە بێن پارەی بەشدارییەکان بدەن بۆ ئەوەی لە سزای دوکەوتووەکە لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ـی ئاداری 2024) مەریوان باکۆک، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی حکوومەت زۆر گرنگ بوو لەو دۆخەی ئێستا، بڕیارەکەش ئەوکەسانە لێی سوودمەند دەبن کە پارەی دەستەبەری کرێکاران لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەدەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دانی ئەو بڕە پارەی کە بەشداربووەکان  بەهەر هۆکارێک بێت، دواکەوتووە، وای کردووە سزای داراییان لەسەر کۆبکرێتەوە، بۆیە کە دوێنێ چوارشەممە، سەرۆکی حکوومەت بڕیارەکەی ڕاگەیاند، خەڵکێکی زۆر کە دواکەوتبوون لە پێدانی بەشداری، بەهۆی ئەوەشەوە سزایان کەوتبووە سەر، بۆیە خاوەنکارەکان سوودمەندی یەکەمی ئەو بڕیارەن.