زۆربەی هاووڵاتییانی تورکیا کارتی بانکی بۆ مامەڵەی رۆژانە بەکاردەهێنن

kurdistan24.net

K24 – ئیستانبوڵ:

هاووڵاتییانی توركیا متمانەی تەواویان بە بانکەکان هەیە و بەگوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەکارهێنانی کارتی بانکی لە تورکیا بە رێژەی 152% زیادیکردووە و 120 ملیۆن کەس لەو وڵاتە کارتی بانکی بۆ مامەڵەکانیان بەکاردەهێنن.

سیستەمی بانکی لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوودا بەردەستە، لە تورکیا زیاتر لە 50 بانکی نێودەوڵەتی هەن کە بەشێکیان حکومین و هەندێکیشیان تایبەتن. ئێستا رێژەی بەکارهێنانی کارتی بانکی لە تورکیا 152% زیاد بووە و ژمارەی کارتە بەکاهێنراوەکان گەیشتووەتە 120 ملیۆن کارت. متمانەی نێوان هاووڵاتییان و بانکەکان گەیشتووەتە ئاستێک، خەڵک پارەی کاش لای خۆی دانانێت و لە بانکەکان هەڵیدەگرێت.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیستانبوڵە و بەدوداچوون بۆ بەکارهێنانی کارتی بانکی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ مامەڵە داراییەکانی رۆژانەیان دەکات و ئەوەی سەرنجی راکێشاوە، لەهەموو شوێنەکان ئەی تی ئێم بەردەستە و بەشێوەیەکی گشتی، خەڵک پارەی کاش بەکارناهێنن و سوود لەو سیستەمە بانکییە وەردەگرن کە لە وڵاتەکەیاندا پەیڕەودەکرێت.

هاوڵاتی لێرە دەتوانێ قەرز لە بانکەکان بکات، هەروەها لەرێی ئەو کارتە بانکیەی هەیەتی دەتوانێ بە پێداویستییەکانی و ئەوەی دەیەوێت، بیکڕێت و لە ماوەیەکی دیاریکراودا بەبێ سوودی بانکی قەرزەکە بداتەوە، بەڵام دوای وادەی دیاریکراو 5% سوودی بانکی لەسەر قەرزەکە زیاد دەبێت.