پیشەوەران پێشوازی لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن

kurdistan24.net

K24 - رانیە:

دوای بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، پیشەوەرانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دڵخۆش بە بڕیاری لێخۆشبوون و داشکاندنەکان و دووپاتی دەکەنەوە، کە زۆر سوودیان هەیە بۆ کار و کەسابەتی هاووڵاتییان و جووڵەش دەخاتە بازاڕەوە.

لە دەڤەری راپەرین قەرزی ئاو و کارەبا لەکەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی و قەرزی سەر هاوڵاتیان لە 80 ملیار دینار نزیک دەبێتەوە و عومەر کەلکانی پیشەوەرێکی دەڤەری راپەڕینە، مانگانە نزیکەی 500 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ دێتەوە، ئەو دڵخۆشە بە لێخۆشبوونی و داشکاندنەکانی حکومەت، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر 1%ـیش بێت سوودی هەیە چ جای بگاتە ئەوەی 20% داشکاندن بکرێت.

ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24، بەدواداچوون بۆ کاردانەوەی بڕیارەکان لەلای پیشەوەران و کاسبکارانی دەڤەری راپەڕین دەکات و لە دەستپێکی رۆژێکی نوێ دەچێتە لای وەستا عومەر کە ساڵانێکی زۆرە سەروکاری لەگەڵ ئاسن و لەحیم هەیە و لە وەرشەکەیدا شەش کەس لەژێر سەرپەشتیدا کاردەکەن و ئامێری میکانیکی جۆراوجۆر دروست دەکەن.

هەموو کارەکانی وەرشەکەی وەستا عومەر بۆ رایکردن، پێویستییان بەکارەبا هەیە، بۆ ئەوەی خەرجی کارەبا لەسەریان کەم بێتەوە، ئامێرەکانیان لەو جۆرانەن کە کەمترین کارەبایان پێویستە، لەگەڵ ئەوەش مانگانە لە نێوان 500 بۆ 600 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ دێتەوە.

بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داشکاندنی قەرزی کارەبا، بە رێژەی 20% بارگرانی سەرشانی ئەوان لە خەرجی کارەبا کەم دەکاتەوە،  هەروەها هەمان بڕیار بۆ داشکاندن لە قەرزی ئاو بە هەمان رێژە، بارگرانی هاووڵاتییان بە گشتی سووک دەکات.

بەشێوەیەک لە سنووری ئیدارەی راپەرین زیاتر لە 80 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە، قەرزی کەڵەکەبووی سەر هاووڵاتییان خۆی لە 45 ملیار دینار دەدات. لە کاتێکدا پێشتر داشکاندنی رێژەی 15% بۆ قەرزەکانی ئاو و کارەبا لەلایەن حکومەتەوە، پێشوازی باشی لەلایەن هاووڵاتییانەوە لێکرا، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بۆ داشکاندنی 20%ـی ئەم جارەش پێشوازیەکە باشتر بێت و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان سوودی لێوەربگرن.

دوای کۆبوونەوەی رۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە رێژەی 20% داشکاندن لە قەرزە کەڵەکەبووەکان لە باج و سزای پێبژاردنی هاتوچۆ و ئاو و کارەبا بکەن، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بە پاساوی جۆراوجۆر شایستە داراییەکانی هەرێم وەک ئەوەی لە بودجەدا هاتووە نانێرێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر بژێوی هاووڵاتییان هەبووە، بۆیە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سۆنگەی سوککردنی باری سەر شانی هاووڵاتییانە لەو دۆخەدا.