عێراق لەڕووی سیستەمی تەندروستییەوە لە پلەی 79ـەمینی جیهاندایە

K24 – هەولێر:

ساڵانە ریزبەندی باشترین وڵاتان لەرووی سیستەمی تەندروستییەوە بڵاودەکرێتەوە و ساڵی 2023 سەرەڕای ئەوەی تایوان بودجە و ژمارەی کارمەندانی تەندروستی بەراورد بە عێراق کەمتر بووە، بەڵام لە پلەی یەکەمدا بووە و عێراقیش لە پلەی 79ـەمیندا بووە.

سیستەمی تەندروستی لە وڵاتان لە چەندین دامەزراوە و سەرچاوە پێکدێت ئەرکەکەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستییە بۆ خەڵک.

سیستەمی تەندروستی لە وڵاتان یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی دۆخی دانیشتووان باشتر دەکات و پێشکەوتووی وڵات کاریگەری لەسەر پێشکەوتوویی ئەو تایبەتمەندییە هەیە.

بەگوێرەی گۆڤاری سی ئی ئۆ وۆڕڵدی ئەمەریکی، لە ساڵی 2023 لەکۆی 110 وڵات، لەرووی سیستەمی تەندروستییەوە، تایوان لە پلەی یەکەمدایە، کۆریای باشوور لە پلەی دووەم دێت، ئوسترالیا لە پلەی سێیەمدایە، کەنەدا لە پلەی چوارەمدایە و سویدیش لە پلەی پێنجەم دێت.

لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل لە پلەی یەکەمدێت و لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 10ـەمدایە، هەروەها تورکیا لە پلەی 60ـەمینی جیهاندایە.

عێراق لەرووی سیستەم و خزمەتگوزاری تەندروستییەوە لە پلەی 79ـەمینی جیهاندایە، لە کاتێکدا بودجەی وەزارەتی تەندروستی لە عێراق بۆ ساڵی 2023 حەوت ملیار و 567 ملیۆن دۆلارە، هەروەها 488 هەزار و 550 فەرمانبەر لەو کەرتە کار دەکەن، بەڵام تایوان کە لە پلەی یەکەمدایە، بودجەی تەندروستی شەش ملیار 941 ملیۆن دۆلارە و ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی لەو وڵاتە 347 هەزار و 555 کەسە، تەنانەت ئۆکرانیاش کە لە حاڵەتی جەنگدایە لەرووی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە لە عێراق باشترە و لە پلەی 76ـەمیندایە.

ئێرانیش لە ریزبەندییەکەدا لەرووی سیستەمی تەندروستییەوە لە پلەی 92ـەمینی جیهاندایە، سلڤادۆر لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی باشترین سیستەمی تەندروستییان هەیە لە پلەی 110ـیەم دێت و خراپترین سیستەمی تەندروستی هەیە.