رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: لەسێدارەدان لە ئێران زیادیکردووە

K24 – هەولێر:

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنن، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران بە رێژەی 130% زیادیکردووە، هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن، تەنیا لەماوەی ساڵی رابردوودا 834 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارە دراون. رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەسێدارەدراوەکان بە تاوانبار وەسف دەکات

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەردەکەوێت رێژەی لە سێدارەدان لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ساڵی 2022ـەوە 130%  زیادیکردووە.

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران رایدەگەیەنن، کۆماری ئیسلامی ئێران مەبەستی پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت و بڵاوکردنەوەی ترس، دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران جێبەجێکردنی رێژەی لەسێدارەدانی زیاتر کردووە.

جاوید رەحمان، هەواڵدەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی دووشەممە لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی رێکخراوەکە لە جنێف رایگەیاند، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران مایەی نیگەرانییە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی  ئێران لە گوتارێکیدا  لە 5ـی ئاداری ئەمساڵ وەک پشتیوانییەک بۆ سزای لە سێدارەدان، لە سێدارەدراوانی وەک "تاوانبار" ناوبرد و، ناڕەزایەتییەکانیشی بەئاژاوەگێڕی وەسفکرد.

لەساڵی 1979 ـەوە، سزای لە سێدارەدان وەکو یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە بەردەوامی لە ئێران رەخنەی لێ گیراوە.