بەهۆی زۆری تێچووی چاککردنەوەی، عێراق بەدوای جێگرەوەی فڕۆكه‌ی F16 دەگەڕێت

K24 - هەولێر:

ساڵی 2011 حكومه‌تی عێراق بەبڕی شەش ملیار دۆلار، 36 فڕۆکەی ئێف16 لە ئەمەریکا کڕی، بەڵام زۆری تێچووی چاککردنەوەی ئەو فڕۆکانە بووەتە کێشە، هەروەها ساڵی 2021 بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، تیمی چاککردنەوەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەو فڕۆکەیە عێراقیان جێهێشت، ئێستاش عێراق لە هەوڵدایە جێگرەوەیەک بۆ ئەو فڕۆکە جەنگییە ئەمەریکییە بدۆزێتەوە.

بەغدا هەوڵیداوە لەڕێگەی کڕینی فڕۆکەی ئێف16ـی ئەمەریکی، هێزی ئاسمانی عێراق سەردەمییانەتر و پێشکەوتووتر بکات، بەڵام چەند کێشەیەک لەبەردەم هێزی ئاسمانی عێراق بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی ئێف16 دروست بووە.

ساڵی 2011 عێراق بە فەرمی گرێبەستی کڕینی 36 فڕۆکەی ئێف16 لەجۆری بلۆک52 بە بڕی نزیکەی شەش ملیار دۆلار لەگەڵ ئەمەریکا واژۆکرد.

واتا نرخی کڕینی هەر فڕۆکەیەکی ئێف16 جگە لە تێچووی پارچەی یەدەگ و چاککردنەوە نزیکەی 165 ملیار دۆلارە.

ساڵی 2016 یەکەمین کاروانی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف16 گەیشتنە عیراق و 2019 دوایین  کاروانی ئەو فڕۆکانە بە دەست عێراق گەیشتن.

لەکۆی ئەو 36 فڕۆكەیەی عێراق لە ئەمەریکای کڕی ئێستا خاوەنی 34 فڕۆکەیەی ئێف16ـەیە و دوانیان لە کاتی مەشقکردنی تێکشکان.

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تێچووی چاککردنەوەی فڕۆکەی ئێف16 زۆرە و ساڵانە 200 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

بۆ هەر کاتژمێرێک فڕینی فڕۆکەی ئێف16 تێچووی چاککردنەوەی 27 هەزار دۆلارە، پێویستیشە بە 16 کاتژمێرە تا چاکدەکرێتەوە.

تیمی چاککردنەوەی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی لە عێراق کە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری فڕۆکەی ئێف16ـەیە، ساڵی 2021 بەهۆی هێرشی مووشەکی گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان بنکەی ئاسمانی بەلەدیان لە باکووری بەغدا جێهێشت، نەبوونی تیمێکی کارامە و تۆکمە بۆ چاککردنەوەی ئەو فڕۆکانە کێشەیەکی دیکەن لە بەردەم بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانە.

لەو کاتەوە عێراق هەوڵیداوە جێگرەوەیەک بۆ فڕۆکەی ئێف16 ئەمەریکی بدۆزێتەوە و فڕۆکەی جەنگی بەرهەمهێندراو لەلایەن رووسیا و فەرەنسا بکڕێت.