بەهۆی ئافرەتێکی پەیامنێرەوە، باڵیۆزی ئێران لە ئازەربایجان دوور خرایەوە

عەباس مووسەوی
عەباس مووسەوی

K24 - هەولێر

بەهۆی ئەوەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئافرەتێکی پەیامنێردا کرد، باڵیۆزی ئێران لە ئازەربایجان دوور خرایەوە.

دوای ئەوەی ڤیدیۆی چاوپێکەوتنی عەباس مووسەوی، باڵێۆزی ئێران لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، لەگەڵ ئافرەتێکی پەیامنێر بڵاوکرایەوە کە حیجابی ئیسلامیی نەبوو، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، ئەو باڵیۆزە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، 28-03-2024، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە نووسی، "دەبێت بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناو باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیاندا ئەخلاقی ئێرانی ئیسلامیی ڕەچاو بکەن".

تەسنیم ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو خانمە پەیامنێرە نەک هەر حیجابی ئیسلامی، بگرە ئەو جۆرە جلوبەرگەیشی لەبەر نەکردووە کە خانمان لەو وڵاتانەی حیجاب بەپێی یاسا زۆرەملێ نییە، لەبەری دەکەن.