دەم پارتی: قەیومەکان لە 31ـی ئادار رادەماڵین

دەم پارتی
دەم پارتی

K24 – هەولێر:

رۆژی 31ـی ئادار دەنگدەران لە تورکیا بەمەبەستی ‌هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانییەکان روو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن، پارتی دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" پلانی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت، هاوسەرۆکانی پارتەکە دەڵێن: "31ـی ئادار قەیومەکان رادەماڵین و، بەڵێنمان بەهاوڕێ بەندکراوەکانمان داوە، ئیرادەی دیموکراسی بەسەر ئیرادەی گەندەڵی و سیستمی تاڵانکاری قەیوم سەرخەین".

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بەرەو هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوە هەنگاو دەنێن و دەمانەوێت دیموکراسی بۆ پارێزگاکان بگەڕێنینەوە.

ناوبراو گوتیشی بەڵێنمان بە هاوڕێ بەندکراوەکانمان داوە،  هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبێنین. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم هەڵبژاردنە ئاسایی نییە و، چاوی گەلەکەمان، دایکانی ئاشتی و هاوڕێیانمان لە بەندیخانەکان لەسەر ئەم هەڵبژاردنەیە و دروشممان کۆتایی هێنانە بە تاڵانکارییەکانی قەیومەکان و، دزینی ئیرادە، گەندەڵی، بێئاوکردنی پارێزگاکان و عەقڵیەتی قازانجی نادادپەروەرانە .

باکرهان ئاماژەی بەوەدا، لەرێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە دیموکراسی بۆ پارێزگاکان دەگەڕێنینەوە و ئازادیان دەکەین، دەشڵێت: سیستمی قەیوم دەستکەوتی ئافرەتانی لە نێو ئیدارە خۆجێییەکان لەنێوبردووە، لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار هەموو قەیومەکان وەلا دەنێین.

هاوکات تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاندووە، دەم پارتی تاکە پارتی سیاسییە لە تورکیا بەرگری لە مافی ئافرەتان لەناو سیاسەت و بەرگری لە یەکسانی جێندەر دەکات و، سیستمی هاوسەرۆکی لە تورکیا لە هیچ پارتێکی دیکەدا نییە، تەنیا چەند پۆستێکی تەشریفاتی لەناو پارتەکانی دیکە بە ئافرەتان دراوە..

هاتیمئۆغوڵڵاری باسی لەوەشکرد، "وەک هاوسەرۆکە ئافرەتەکان لێپرسینەوە لەوانە دەکەین کە قەییومیان خستووەتە سەر شارەوانییەکانمان، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو قەیومانە دەکەین کە بوونەتە هۆی لەنێوبردنی دەستکەوتی ئافرەتان لە ئیدارە خۆجیییەکان. لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار شارەوانییەکان لە قەیومەکان دادەماڵێن و، دەرگا بەڕووی هاووڵاتیاندا دەکەینەوە.

31ـی ئەم مانگە لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت و لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ساڵی رابردوو، دەبێتە یەکەم تاقیکردنەوە بۆ ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات ئەوەش بەهۆی دابەشبوونی لایەنەکان بۆ چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردن، هەروەها هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت.