هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستی پێکرد

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان لە دوو کاتژمێری جیا بەڕێوە دەچێت

K24 – هەولێر

هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و خەڵکی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) نوێنەرەکانیان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانییەکان هەڵدەبژێرن و هاووڵاتییانی باکووری کوردستان لەم هەڵبژاردنە دەیانەوێت کۆتایی بە بڕیاری قەیووم بێنن.

لەم هەڵبژاردنەدا، 34 پارتی سیاسیی ڕکابەریی لە سەر مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان دەکەن کە 30یان گەورە شارەوانین، هاوکات 973 شارەوانیی شارۆچکەکانن و 390 شارەوانییش بۆ شارەدێکانە، هەروەها 336 موختاریش هەڵدەبژێردرێن، بە گشتی 208,000 سەندووقی دەنگدان لە ناوەندەکانی دەنگدان ئامادە کراون.

لەم هەڵبژاردنەدا 61,441,882 هاووڵاتی باکووری کوردستان و خەڵکی تورکیا مافی دەنگدانیان هەیە، لە نێویاندا 1,032,610 کەس یەکەمجارە دەنگ دەدەن.

پرۆسەی دەنگدان لە باکووری کوردستان و بەشێکی تورکیادا کاتژمێر 7ی بەیانی دەنگدان دەست پێدەکات و لە کاتژمێر 16 کۆتایی دێت، پارێزگاکانی باکوور بریتین لە: ئاگری، بینگۆل، بەدلیس، دیاربەکر، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، هەکاری، قەرس، ماڵاتیا، مەڕەش، مێردین، سێرت، سیواس، دێرسم، وان، باتمان، شرنەخ، ئەردەخان، ئیدر، کلیس، سەمسوور، ڕوحا، مووش و خارپێت. هاوکات لەم پارێزگایانەی تورکیاش؛ ئارتڤین، گیرەسۆن، گوموشهانە، ئۆردو، ڕیزە، تڕابزۆن و بایبورت پرۆسەکە لەگەڵ پارێزگاکانی باکووری کوردستان بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی تورکیا، دەنگدان لە 8ی بەیانی دەست پێدەکات و لە کاتژمێر 17 ناوەندەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا دادەخرێن.

لەم هەڵبژاردنەدا هاووڵاتییانی باکووری کوردستان و پارتە سیاسییەکان دەیانەوێت کۆتایی بە بڕیاری قەیووم بێنن کە بە هۆیەوە لە پێنج ساڵی ڕابردوو زۆرینەی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و بە بڕیاری دادگا سەرۆک شارەوانیی پارتی دەسەڵاتدار لە پۆستەکانیان بە قەیووم دانران.