لێکۆڵینەوەیەک: نیو ملیۆن سواڵکەر لە عێراق هەن

سواڵکەرێک لە شەقامێکی بەغدای پایتەختی عێراق
سواڵکەرێک لە شەقامێکی بەغدای پایتەختی عێراق

K24 - هەولێر

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای دەکات، نیو ملیۆن سواڵکەر لە عێراق هەن، ئاماژە بەوەش دەکات مافیاکانی تاوانکاریی هاووڵاتیانی بیانی بەمەبەستی جۆراو خۆر دەهێننە عێراق سواڵیان پێ دەکەن.

وێڕای بەرزی ئامارەکانی هەژاری و بێکاریی لە عێراق، مافیاکانی تاوانی ڕێکخراو هاووڵاتییانی بیانی بۆ سواڵکردن هاوردەی عێراق دەکەن.

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 500 هەزار سواڵکەر لە عێراق هەن و مافیاکانی تاوانی ڕێکخراو خەڵکی بیانی بە ناوی جۆراوجۆر بە بیانووی دەستی کار و گەشتیاری و پەنابەریی دێننە عێراق و پاشان بۆ مەبەستی سواڵکردن بەکاریان دەهێنن.

ئاشکراشی دەکات زۆرینەی ئەو کەسانە هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی ئاسیان، کە هاووڵاتیی بەنگلادشی لە پلەی یەکەمدان و هاووڵاتیانی سووری لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پێشەنگی ڕیزبەندییەکەیان گرتووە.

سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ساڵی 2023 و سەرەتاکانی 2024ـەوە، زیاتر لە 10 هەزار سواڵکەری بیانی گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام تا ئێستا هەزار بیانیی دیکە لەو پیشەیە بەردەوامن.

سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاشیدەگەیەنێت، ژمارەی سواڵکەرانی بیانی و عێراقی گەیشتووەتە زیاتر لە 500 هەزار کەس، زۆرینەیان ژنان و منداڵانن.

سەبارەت بە نوێترین شێوازەکانی سواڵکردن، سەنتەرەکە روونی کردووەتەوە، سواڵکردنی  ئەلیکترۆنی،  پرۆژەی تەندروستی و پرۆژەی مرۆیی  و  کۆمەڵایەتی ساختە، نوێترین شێوازی سواڵکردنن لە عێراق.

هاوکات سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، هەڵمەتێکی فراوان دەست پێبکات بۆ ناردنەوەی سواڵکەرانی بیانی و ساڵی 2025، وەک ساڵی پاککردنەوەی عێراق لە سواڵکردن، بناسرێت .