سوپای پاسداران بە سێ هەزار کەشتی مانۆری دەریایی بەسیج دەکات
K24 - هەولێر
عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینیی داهاتوو مانۆڕێکی هێزی "دەریایی بەسیج"ـی لەگەڵ "بەرەی مقاوەمەی وڵاتان" دەکەین، ئاماژەی بەوەش دا کە هێزەکانی بە "سێ هەزار کەشتی گەورە و بچووک" بەشداریی دەکەن.
ماڵپەڕی سوپا نیوزی فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە زاری تەنگسیرییەوە بڵاوی کردەوە، "کەشتییە دەریاییەکان لە هەموو کەناراو و بەندەرەکانی وڵاتانی مقاوەمە، بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەڵەستین مانۆر دەکەن" دەسەڵاتدارانی ئێران، دوا هەینی هەموو مانگێکی ڕەمەزان بە ڕۆژی "نێودەوڵەتیی قودس" ناو دەبەن.
تەنگسیری گوتیشی: "کەشتیەکانی بەسیج لە ئێران و کەشتیەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان بە هەڵکردنی ئاڵای فەڵەستین لە یەک کاتدا مانۆرەکە دەکەن".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەو مانۆرە "نمایشکردنی تواناکانی بەرەی مقاوەمەیە لە مەیدانی دەریایی و ناردنی پەیامێکیشە بۆ ئیسرائیل لە ڕێگەی نمایشی دەریاییەوە".
بە گوتەی تەنگسیری، هێزەکانی زیاتر لە سێ هەزار کەشتی گەورە و بچووک لە 13 خاڵ لە کەناراوەکانی باشوور و باکووری وڵات جێگیر دەکەن.
لە 19ی کانوونی یەکەمدا سوپای پاسداران پێکهێنانی یەکەیەکی دەریایی "بەسیج"ی ڕاگەیاند، کە دەتوانێت بە کەشتییە گەورە و بچووکەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات، لە مەودایەکدا کە دەگاتە کەناراوەکانی تانزانیا.