هەولێر دەیەوێت بۆ یەكەمجار لە نەفتی وەسەت بباتەوە

هاندەران لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری
هاندەران لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری

لە خولی ئەستێرەكانی عێراق یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، بەبێ 4 یاریزانی، ڕووبەڕووی یانەی نەفتی وەسەت دەبێتەوە، هەولێر دەیەوێت بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە نەفتی وەست بباتەوە.
لە گەڕی 20ـەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، ئەمشەو لە یاریگەی نێودەوڵەتی ئۆڵمپی نەجەف لە كاتژمێر 21:30 یانەی هەولێر دەبێتە میوانی یانەی نەفتی وەسەت، ئەمەش لە كاتێكدایە یانەی نەفتی وەسەت تاكە یانەیە لەم وەرزە هیچ سەركەوتنێكی تۆمار نەكردووە، لە كۆی 19 یاری 10 یاریی دۆڕاندووە و لە دوایین خانەی ڕیزبەندی خولی ئەستێرەكانی عێراق دێت.
لە بەرامبەردا یانەی هەولێر بە 22 خاڵ پلەی چواردەیەمی گرتووە، بۆ ئەم یارییەش، یانە كوردستانییەكە بەهۆی پێكانیانەوە 3 یاریزانی لەدەست داوە كە پێكهاتوون لە عەلی شاخەوان، هەڵۆ فایەق و بارزان شێرزاد، هەروەها هەولێر لە تواناكانی عەلی موحسینی ناوەراستكاریش بێبەش دەبێت كە بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتەكان راگیراوە.
هەولێر و نەفتی وەسەت لە مێژووی خۆیاندا 14 جار ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە، هەولێر تەنیا 2 یاریی بردووەتەوە، ئەو 2 سەركەوتنەش هەردووكیان لە 2023 لە نێو یاریگەی فرەنسۆ بووە، لە بەرامبەردا هەولێر هیچ یارییەكی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە نەفتی وەسەت نەبردووەتەوە.

مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ئه‌نتالیای توركیا - 2023
مه‌شق و راهێنانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ئه‌نتالیای توركیا - 2023