ئەمڕۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا تاوتوێی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح دەکەن

کەمپی فەڵەستینییەکان لەشاری رەفەح
کەمپی فەڵەستینییەکان لەشاری رەفەح

K24 – هەولێر

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە سەر پرسی هێرشی زەمینیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە گفتوگۆ بکەن.

ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ بەرپرسانی ئەمەریکیی و ئیسرائیلی بە ڤیدیۆ کۆنفرانس تاوتوێی بژاردەی هێرشی زەمینیی بۆ سەر شاری ڕەفەح دەکەن. چەند هەفتەیە سەرۆکوەزیران و سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئەو شارە دەکەن.

سەرچاوەکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە: دوای کۆبوونەوە ڤیدیۆییەکەی ئەمڕۆ، بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی هەر دوو وڵات ڕاستەوخۆ سەبارەت بە هێرشەکە دیدار و کۆبوونەوەیان هەبێت.

تاوتوێکردنی پرسی هێرشی زەمینیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاندی ئیسرائیل گەشتەکەی بۆ واشنتن هەڵوەشاندەوە بەهۆی ناڕەزایی بوونی ئەمەریکا لە بڕیاری هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ڕەفەح. لە لایەکی دیکەشەوە تەنیا هەفتەیەک بە سەر بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەوتیدا تێدەپەڕێت کە بڕیاری ئاگربەستی پەسەند کرد؛ بەڵام تا وەکوو ئێستا هیچ یەکێک لە ئیسرائیل و حەماس پابەندی ئاگربەست نەبوون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هۆشداریان لە کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی داوە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفەح و باشووری غەززە.