ئێران، پێشوەخت ڕووسیای لە هێرشەکەی سەر هۆڵی ئاهەنگێڕان لە مۆسکۆ ئاگادار کردووەتەوە

ئاڵای ئێران و رووسیا
ئاڵای ئێران و رووسیا

K24 – هەولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی ئێران، پێشوەخت ڕووسیایان لە هێرشەکەی سەر هۆڵی ئاهەنگێڕان لە مۆسکۆ ئاگادار کردووەتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسێ سەرچاوەی جیاوازەوە ئاماژەی بەوەداوە، پێش رووداوەکەی مۆسکۆ و کوژرانی نزیکەی 140 کەس لە هۆڵێکی ئاهەنگێڕان، بەرپرسانی تاران هۆشداریان بە رووسیاداوە لەئەگەری روودانی هێرشی تیرۆریستی.

باسی لەوەشکردووە، لەمیانی لێکۆڵینەوە لەگه‌ڵ ژمارەیەک تیرۆریست، بەرپرسانی تاران بۆیان دەرکەوتووە گروپە توندڕەوەکان پلانی ئەنجامدانی کاری تیرۆرسیتییان لەناو خاکی رووسیا هەیە، هەربۆیە بەرپرسانی مۆسکۆیان پێشوەخت ئاگادارکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی پارێزگای کرمانی ئێران و شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ئەندامی داعشن و بەرەگەز تاجیکین.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر هۆڵی کرۆکوسی ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەخت.

پێشتریش پارێزگاری مۆسکۆ ڕایگەیاندبوو، وەک هاوکاریی بڕی سێ ملیۆن ڕۆبڵ بە خانەوادەی کوژراوەکان و بڕی یەک ملیۆن ڕۆبلیش بە بریندارەکان دەدرێت.