زاخۆ هەرگیز بەرامبەر قاسم براوە نەبووە
یانەی زاخۆ دوای پێنج بردنەوەی لەسەر یەک، یاریی رابردوو لە یاریگای خۆی نەیتوانی لە نەفتی وەسەت بباتەوە، ئەمجارەیان لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یەکەم یاریی قۆناغی دووەمی خولەکە، لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی قاسم دەبێتەوە.
دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لەو ماوەیە سێ رۆژ لە هەولێر و پێنج رۆژیش لە نەجەف ئامادەکارییان کرد و لە یارییەکی دۆستانەش رووبەڕووی نەجەف بونەوە و سێ رۆژیشە لە کەربەلانە.
بۆ ئەم یارییە لە ریزەکانی یانەی زاخۆ، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن و کێشەیان نیە، تەنها رۆدریگ کابۆی بەرگریکار نەبێت کە ئەو یاریزانە ئێستا لە پێکان گەڕاوەتەوە و چارەنوسی بۆ ئەم یارییە یەکلایی نەبووەتەوە.
زاخۆ ئەم وەرزە لە کۆی 19 یاریی خاوەنی هەشت بردنەوە و هەشت بەرامبەربونە و لە پاش قوەجەویە خاوەنی کەمترین دۆڕانە و تەنها سێ یاریی دۆڕاندووە، بە گشتی ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی دێت.
لەلایەکی دیکەوە قاسم ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامی وەکو پێویست نەبووە، ئەو یانەیە لە کۆی 19 یاریی ئەم وەرزەی، خاوەنی تەنها سێ بردنەوەیە و بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ، لە پلەی نۆزدەیەمی ریزبەندی دێت، ئەو یانەیە لەوەتەی مانگی یازدەی ساڵی رابردوو، لە هیچ یارییەک براوە نەبووە.
هەردوو یانەی زاخۆ و قاسم لە مێژوودا هەشتجاری دیکە یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، لەو هەشت یارییە زاخۆ هەرگیز بەرامبەر قاسم هیچ یارییەک براوە نەبووە، لە سێ یاریی دۆڕاوە و لە پێنج یاریش هەردوو یانە بەرامبەربوینە.
زاخۆ ئەم وەرزە 10 یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە، لەو 10 یارییەش تەنها دوو یاری دۆڕاوە، ئەویش بەرامبەر قوە جەویە و شوڕتە بووە، لە بەرامبەردا چوار یاریی براوە بووە و لە پێنج یاریش لەگەڵ رکابەرەکانی یەکسانبووە.