ئێران سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: وەڵاممان دەبێت
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشه دڕندانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەشی کونسوڵیی باڵیۆزخانەی ئێران له دیمەشق به توندترین شێوه سەرکۆنه دەکەین.
رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی 2024) ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم هێرشه پێشێلکردنی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە بەتایبەت بڕگەی پەیوەندییه دیپلۆماسییەکان.
ناسر کەنعانی گوتیشی، پێویسته کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان به توندترین شێوه ئەم هێرشه سەرکۆنه بکەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "به وردی لەم هێرشه قێزەونه دەکۆڵینەوه و بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی له ئەستۆی ئیسرائیله".
جەختیشی کردەوه، مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوه بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران پارێزراوه و دواتر بڕیار له چۆنییەتیی وەڵامدانەوەی ئەم هێرشه دەدەین.
ئێوارەی رۆژی (1ـی نیسانی 2024) میدیای فهرمیی ئێران ڕایگهیاند، له ئهنجامی هێرشێكدا كه لهلایهن ئیسرائیلهوه ئهنجام دراوه، ههشت كهس له بەشی کونسوڵیی باڵیۆزخانهی ئێران له دیمهشق كوژراون.
دوای هێرشەکەش حوسێن ئهكبهری، باڵیۆزی ئێران له دیمهشق ڕایگهیاند، ئهو هێرشهی ئیسرائیل بهڵگهیه لهسهر ئهوهی دان به شهرعیهتی یاسا نێودهوڵهتییهكاندا نانێت.