کەمپینی"منداڵانی بێ سەرپەرشت و بەساڵاچووان چاویان لە میهرەبانیتانە" ڕاگەیەندرا

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی کەمپینی پشتیوانی بۆ "منداڵانی بێ سەرپەرشت و بەساڵاچووان چاویان لە میهرەبانیتانە"،ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، بێستوون جەبار، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی لە میانی گەشتێکی ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو کەمپینەی لە ژێر ناونیشانی "منداڵانی بێ سەرپەرشت و بەساڵاچووان چاویان لە میهرەبانیتانە"، ڕامانگەیاند ئەو سندوقە سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتییە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2006 دروستبووە.

بەگوتەی ئەو، "بەداخەوە پێش ڕاگەیاندنی ئەم کەمپینە سندوقەکە هیچ پارەیەکی تێدا نەبوو، بۆیە بە پێویستمانزانی سندوقەکە کارا بکەینەوە و هەوڵ بدەین لە 10 رۆژی کۆتایی ئەم مانگەدا، خێرخوازان و خێردۆستان، خەڵکانی بەخشەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەرەوە و ناوەوەی هەرێمی کوردستان کوردانی تاراوگەش بەگشتی، بتوانن هاوکاریمان بکەن و هاوکارییەکانیان بخەنە سەر هەژماری بانکی ئەم سندوقە لە بانکی ئاڵای هەرێم."

بێستوون جەبار دەشڵێت: "رۆژانە لە کاتی دەوامی فەرمی لەم 10 رۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان، فەرمانبەرەکانمان لە باڵەخانەی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی، هاوکارییەکانی هاووڵاتییان وەردەگرن، بەپێی لیژنەیەک و بە پسوولە هاوکارییەکانیان لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، دواتر هەر بەلیژنە و چاودێری ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەخرێتە سەر ئەو هەژمارە. دواتر بۆ پێویستییەکان و کەموکورتیی ئەو ماڵانەی کە منداڵی بێسەرپەرشت و بەساڵاچووانی هەیە، بە شێوازێکی شایستە دەخرێتە خزمەتییان."

ڕاشیگەیاند، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە خۆی پێشینەیەکی مانگانەی هەیە. وەک هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی حکومی، بەڵام بەداخەوە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ناتوانێت هەموو ئەو پێداویستی و کەموکورتییانەی کە هەیە پڕی بکاتەوە. بۆیە هاو تەریب لەگەڵ ئەم پێشینەیە پێویستمان بە پاڵپشتی خێرخوازەکان و خێردۆستان و دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان هەیە. هەر وەک چۆن لە ڕابردوو هاوکارمان بوون، داوایان لێدەکەین بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستە بژین بەڕێوەبەرن.