سەربەست مەولود: ئەو فەرمانبەرانەی سودمەند نەبوون لە حکوومەت زەوییان پێدەدرێت

"هەر کاتێک وێنەی زەوییەکان تەواو بوو دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکەین"
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بەشی یاسای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ئەولیستانەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆمان دێت و ئەو فەرمانبەرانەی تاکو ئێستا سوودمەند نەبوون لە حکومەت زەوییان پێبدرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا مەبەستمان ئەوە بووە شارەوانییەکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئاگادار بکەینەوە، بۆ خۆ ئامادەکردن ڕێژەی پێویستی زەوی و چەند دەتوانن زەوی دابەش بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بە پێی ئەولیستانەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆمان دێت و ئەو فەرمانبەرانەی تاکو ئێستا سوودمەند نەبوون زەوییان پێبدرێت.

بەگوتەی ئەو، "پڕۆسەی ئامادەکردنی زەوییەکان ئەگەر زەوی ئامادە بەناوی سەرۆکایەتی شارەوانی ئامادە بێت ئەوە ئاسانتر دەبێت، بەڵام ئەگەر زەوییەکان بەردەست نەبێت و بەناوی وەزارەتی داراییەوە بێت کە بۆ زەوی کشتوکاڵی ئامادە کراوە، پێویست دەبێت ئێمە لەو زەویانە داوا بکەین.

سەربەست مەولود گوتیشی: "ئەو پڕۆسیە پێویستی بە کاتە لەبەر ئەوەی کوژاندنەوەی دەوێ تۆمار کردنی دەوێ "تەوحید و ئیفراز"ـی دەوێ لەگەڵ دەرهێنانی تاپۆ، کەی ئەو پڕۆسیەی تەواو بوو ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین، دوای بابەتی وردبینی لە سوودمەند بوون لیستەکان و خاڵبەندییەکان ڕێکدەخەین. هەر کاتێک وێنەی زەوییەکان تەواو بوو دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکەین."

ڕۆژی چوارشەممە (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بڕیارمان دا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو و وەزارەتی داراییم ڕاسپاردووە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکەن و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووش.

هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی دیکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریان لەبارەیەوە دراوە بۆ دۆخی ناهەمواری ئابووریی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان سووک بکات؛ یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە و لەو بارەیەوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: بڕیارماندا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە تاوەکو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، چەند بڕیارێکی دیکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیان ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، لەوانەش:

داشکاندن لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی مرور (هاتووچۆ).

داشکاندنی 50% لە ڕسووماتی هێنانی گۆشت

داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان.

لێخۆشبوونی سزا لە دواکەوتنی بەشداریی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی.

داشکاندنی ڕسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە ڕێژەی 20%.

داشکاندنی ڕسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی بە ڕێژەی 20%.

لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "هیوادارم ئەم هەنگاوانە و ئەم بڕیارانە بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن. من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بگەنە ئەنجامی باش بۆ چارەی هەموو ئەو گرفتانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون.