تورکیا.. 11 ئافرەت بۆ سەرۆکایەتی شارەوانییەکان هەڵبژێردراون

جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا
جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا

K24 – هەولێر

بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی تورکیا 11 ئافرەت بە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراون.

ڕۆژنامەی (حوڕییەت)ـی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان لەم خوولەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا بەراورد بە خوولی پێشوو، کە لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو بە ڕێژەی 36% زیادی کردووە.

ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: لە هەڵبژاردنی ئەمجارە 11 ئافرەت کورسی سەرۆکایەتی شارەوانیی پارێزگاکانی تورکیایان مسۆگەر کردووە، لە کاتێکدا لە خوولی پێشووتر تەنیا چوار ئافرەت توانیان لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بن.

لەو 11 ئافرەتەی بە سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراون، شەشیان کاندیدای جەهەپەن و چوار کاندیدای دەم پارتیی و ئاکپارتیش تەنیا یەک کاندیدای ئافرەتی دەرچووە.

یەکشەممە (31ی ئاداری 2024) هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو کە 34 پارتی سیاسیی ڕکابەرییان لە سەر سەرۆکایەتیی 81 شارەوانیی شارەکان کرد.

لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بە گوێرەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا 100% دەنگەکان جیاکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی راگەیەندراوە تا وەکوو ئێستا تەنیا ئەنجامی بەراییە و بڕیارە دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانی سەر پرۆسەکە، ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنرێت.