ئالان حەمەسەعید سەرەخۆشی لە مامۆستایان و کەسوکاری قوربانییانی کارەساتەکەی بەسرە دەکات

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و مامۆستایانی ئەو قوتابییانەی بەسرە دەکات کە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا بوونە قوربانی.

ڕۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی گیان سپاردن و برینداربوونی ژمارەیەک قوتابیی خۆشەویستی پارێزگای بەسرەمان پێگەیشت لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا".

ئالان حەمەسەعید نووسیویەتی: "ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییەکان و مامۆستا و هاوڕێیانیان دەکەین بۆ ئەو کارەساتە بە ئازارە و داوا لە خوای گەورە دەکەین قوربانییەکان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و شیفای خێرای بریندارەکانیش بدات و سەبر و ئارامیش بە هەمووان ببەخشێت".

ڕۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ بارهەڵگرێک زیاتر لە 20 منداڵ دەشێلێت و هەموویان قوتابیین و لەو کاتەدا لە قوتابخانە دەگەڕانەوە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بەلایەنی کەمەوە شەش منداڵ مردن و ژمارەیەک منداڵی دیکەش برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.

لەلایەن خۆیەوە، ئەسعەد عیدانی، پارێزگای بەسرە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی لە پارێزگاکە ڕاگەیاند بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەو قوتابییانەی قوتابخانەی زەینەبی سەرەتایی لە قەزای هارسە، کە لە ڕووداوەکەدا مردوون.

هاوکات، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، پۆلیسی پارێزگای بەسرە شۆفێری بارهەڵگرەکەی دەستگیرکردووە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش، شۆفێرەکە دانی بەوەدا ناوە کە کۆنترۆڵی بارهەڵگرەکەی لەدەست داوە بەهۆی لەکارکەوتنی سکلێتەرەکانی.

هەروەها وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ مردنی ژمارەیەک قوتابی لە پارێزگای بەسرە، ماتەمینی گشتیی لە سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی ڕاگەیاند.