مونا قەهوەچی: دادگای فیدراڵی نا یاسایی و نا دەستوورییە

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، لە کاتێکدا دادگای فیدراڵی نادەستوورییە، لەبەرژەوەندی تاکە حزبێکی کوردستانی بڕیاریدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لەمیانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە هەڵوێستییان نیشتمان پەروەرییە و چاوەڕوانکراوە بۆ ئەوەی کە پێکەوە ژیان بەرقەرار بێت لە هەرێـمی کوردستان.

بە گوتەی ئەو، "وەکو پێکهاتەکان لە هەرێمـی کوردستان، لەسەرەتاوە کە بڕیارماندا بایکۆتی ئەمجۆرە هەڵبژاردنە بکەین، چونکە دەمانزانی هەڵبژاردنێکی نایاسایی و سەپێندراوە لەسەر هەرێمی کوردستان، لەدەرەوەی ئیرادەی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت، هەر بۆیە سەرۆک بارزانی هەڵوێستی خۆی بۆ پاراستنی پێکەوە ژیان و مافی سەرجەم پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازی پارێزراو بێت ڕاگەیاند."

ئەو دەشڵێت: "هەرێمی کوردستان هەمیشە بەوە ناسراوە کە سیمبولی پێکەوە ژیانە. ئەوەی ئێستا کە ناحەز و دژمنەکانمان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن، چاویان هەڵنایە بەو پێکەوە ژیانەی هەرێم."

قەهوەچی گوتیشی: "ئێمە بەر لە دووساڵ لە پەرلەمانی کوردستان، هەوڵماندا وەکو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە بەرژەوەندی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لە هەمانکاتیشدا لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان، ئێمەش وەکو پێکهاتە گومانمان هەبوو لەسەر یاسایەکەی پێشووتر، بەڵام دەبێت زەمینە سازییەکی باش بڕەخسێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم یاسایە هەمووار بکرێت."

ڕاشیگەیاند، دادگای فیدراڵ کە دادگایەکی نا یاسایی و نا دەستوورییە، دادگایەکە لە بەرژەوەندی تاکە حزبێکی سیاسی کوردستانی بڕیاری داوە، بە بڕوای ئەو دادگایە کە بڕیاری لە بەرژەوەندی ئەو تاکە حزبە سیاسییە داوە، هەڵبژاردنەکان لەبەرژەوەندی ئەوان کۆتایی دێت، هەر بۆیە هەموواری یاسای پێکهاتەکانی هەڵوەشاندەوە.

چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2- بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3- ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1- دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

2- دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.