پسپۆڕێکی دەستووری: ئەگەر پارتی بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن نەکات ئەستەمە بکرێت

ڕەنجبەر جەمال، پسپۆری دەستووری
ڕەنجبەر جەمال، پسپۆری دەستووری

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی دەستووری ڕایگەیاند، چەندین ساڵە پارتی وەک حزبیکی زۆرینە، خەڵکی کوردستان دەنگی پێدەدات، ئەگەر بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن نەبێت، ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە ڕووی لۆژیکییەوە ئەستەمە بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024، د. ڕەنجبەر جەمیل، پسپۆڕی دەستووری و مامۆستای زانکۆ لە زاخۆ، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە هەر وڵاتێکی جیهانی هەڵبژاردن دەکرێت بۆ گۆڕینی دەسەڵات و پیوەرێکە بۆ دیموکراسییەت، هەڵبژاردن بەشێوەیەک ئەنجام دەدرێت کە تێڕوانینی دیموکراسییەت زیاتر فراوان بێت، و گۆڕینی دەسەڵات بە ئیرادەی هاووڵاتی بێت، لە دەستووری عێڕاقیشدا هاتووە کە گەل بڕیار دەدات نەک سەپاندن بێت.

بەگوتەی ئەو، "پارتی دیموکراتی کوردستان کە بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی کردووە، لەبەر شێوازی هەڵبژاردنەکە کردوویەتی کە دادگای فیدراڵ بابەتێکی سەپاندووە، یەکلا کردنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن پێش هەڵبژاردنە. واتە سیناریۆیەکی ئامادە کردووە، پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکە بکرێت ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلا کراوەتەوە."

ڕەنجبەر جەبار دەشڵێت: "ئەگەر بەم شیوازە هەڵبژاردن بکرێت ئەوا گرنگی بە بڕیاری و ڕای خەڵکی نادرێت، هەر بۆیە پارتی وەک حزبیکی زۆرینە، کە چەندین ساڵە خەڵکی کوردستان دەنگی پێدەدات، ئەگەر بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن نەبێت، ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە ڕووی لۆژیکییەوە ئەستەمە بکرێت، بۆیە من بڕوا ناکەم پڕۆسەیەکی سیاسی لەو جۆرە سەرکەوتوو بێت."

چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2- بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3- ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:

1-  دەبێت بە پێی ماددەی 116 و 117 دەستووری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی سەروەت و سامانیی گشتی و نابێت ستەم لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

2- دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.