عەبدوڵڵا زێدان بۆ کوردستان24: سکاڵامان لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا تۆمارکردووە

عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان
عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان

K24 - هەولێر

بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان دەڵێت، لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا، سکاڵایان تۆمارکردووە و کار بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان دەکەن.

رۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بە ڕێژەی 55%ـی دەنگەکان، لە هەڵبژاردنی شارەوانی وان سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەی عەبدولحەت ئەرڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بەدەست هێنا، بەڵام دادگای تورکیا لەسەر سکاڵایەکی ئەرڤاس؛ بڕیاریدا بەربژێرکردنی زێدان بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی هەڵبوەشێنتەوە. دواتر لقی وانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی وانی ڕادەستی بەربژێرەکەی ئاکپارتی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بۆ شارەوانیی وان، لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا، لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا سکاڵایان تۆمارکردووە تاوەکو مافەکانیا بەدەستبهێننەوە.

هاووڵاتییانی کوردی وان لە دژی بڕیارەکەی دادگای تورکیا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی. عەبدوڵڵا زێدان دەڵێت،"نەڕازیبوونی هاووڵاتییانی کورد لە دژی بڕیارەکە، لە چوارچێوەی پڕۆسەی دیموکراسیدایە و خۆمان دەکەینە خاوەنی ئیرادەی گەلەکەمان".

لای خۆیەوە سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری دەم پارتی پەیامێکی ناڕەزایەتی لە باری بڕیارەکەی وەزارەتی داد بڵاوکردەوە و گوتی: ئەوانەی کە ڕێز لە ئیرادەی خەڵک ناگرن وانەیان لە ساڵی ڕابردوو وەرنەگرتووە.

هەروەها دەمیرتاش داوا لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات پابەندی قسەکانی بێت کە لە شەوی هەڵبژاردندا کردی و دان بە ئیرادەی خەڵکی واندا بنێت.