پێکان بووە خێر و بەرەکەت بۆ کومان

کینگسلی کومان و خۆشەویستەکەی
کینگسلی کومان و خۆشەویستەکەی

کینگسلی کومان یاریزانی فەرەنسی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، یەکێکە لەو یاریزانانەی بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی، کەمترین بەشداری لە گۆڕەپانی سەوز هەبووە، بەڵام ئەو یاریزانە جیاواز لە یاریزانە هاوشێوەکانی، پێکان بووەتە خێر و بەرەکەت بۆی.

یاریزانە فەرەنسیەکەی بایرن میونشن کۆتاییەکانی سەرەتای ئەمساڵ بوو کاتێک تووشی پێکانێکی دیکە بوو، هەر ئەمەش وایکرد تاوەکو ئەمڕۆ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە و بەشداری دێرکلاسیکەر بەرامبەر بورووسیا دۆرتمۆند نەکات.

زۆر یاریزان هەن بەهۆی پێکانە یەک لە دوا یەکەکانیان نەیانتوانیوە توانای خۆیان بسەلمێنن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیان، بەڵام چیرۆکی کومان لە ئەوانی دیکە زۆر جیاوازترە و پێکان بووەتە هۆکاری ناسینی خۆشەویستەکەی لە ساڵی 2018.

کومان لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی فەرمی یانەکەی چیرۆکی ناسینی خۆشەویستەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت '' هەندێجار پێکان دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ یاریزانەکان، یەکێک لەو یاریزانانەش کە پێکان بۆی بووەتە خێر و بەرەکەت منم. پێش مۆندیالی 2018 تووشی پێکان بووم و نەمتوانی بەشداری مۆندیال بکەم، لەو کاتە من کەوتمە داوی خۆشەویستی و خێزانەکەم ناسی، سوپاس بۆ خوا ئێستا منداڵیشمان هەیە، بۆیە دەڵێم پێکان بۆ من بووەتە خێر و بەرەکەت ''.