کوژراوانی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق گەیشتە 16 کەس

باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق دوای هێرشەکەی ئیسرائیل
باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق دوای هێرشەکەی ئیسرائیل

K24 – هەولێر

ژمارەی کوژراوانی نێو کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق پایتەختی سووریا گەیشتە 16 کەس و ڕاوێژکارێکی دیکەی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێران بەهۆی سەختی برینەکەیەوە مرد، بەمەش ژمارەی فەرماندە کوژراوەکانی پاسداران گەیشتە هەشت کەس.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوەتەوە، بە گوێرەی دوا ئامارەکان لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، فەرماندەیەکی دیکەی سوپای پاسدارانی ئێران مرد، بەمەش کوژراوانی ئێرانی لەو هێرشەدا گەیشتە هەشت کەس لەگەڵ پێنج کوژراوی بە ڕەچەڵەک سووریی و یەک لوبنانی کە ئەندامی حزبوڵڵابووە لەگەڵ دوو کەسی مەدەنی کە دایکێک و منداڵەکەی بووە.

ڕوانگە ئاماژەیداوە، ئەو باڵەخانەیەی کرایە ئامانج لە چوار نهۆم پێکهاتبوو، باڵیۆزخانەی ئێران نهۆمەکانی یەکەم و دووەمی بە کرێ گرتبوو، نهۆمی سێیەمیش ماڵی حسێن، ئەکبەری باڵیۆزی تێدا بووە کە ساتی هێرشەکە لە ماڵەوە نەبووە و ڕزگاری بووە، بەڵام نهۆمی چوارەم ماڵی ئەو ئافرەتە بووە کە خۆیی و منداڵەی بوونە قوربانی ئەو هێرشەیە.

شەوی ڕابردوو بە فڕۆکەیەکی تایبەت تەرمی ئەو حەوت فەرماندەیەی سوپای پاسداران کە لە چرکەساتی هێرشەکە کوژران، گەیەندرانەوە فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران و بڕیارە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی فراوان بەخاکس بسپێرێن کە دیاری ترینیان، محەممەد ڕەزا زاهیدی و محەممەد هادی حاجی ڕەحیمی بوون، بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە زاهیدی تەمەن 63 ساڵ، بەرپرسی فەیلەقی قودس بووە لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین.

لەلایەن خۆیەوە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران هێرشەکەی ئیسرائیلی بە ترسنۆکانە ناوبرد بوو ڕاشیگەیاندبوو، وەڵامی توندیان بۆ ئیسرائیل دەبێت، چونکە هێرشکردنە سەر نوێنەرایەتیی وڵاتان پێشێلکردنی پەیمان و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکانە.

لە بەرانبەردا دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە تۆڕی ئێکس دیمەنی نێو باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دوای هێرشەکە بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەو باڵەخانەیەی لە سووریا بۆمببارانکرا بارەگای سوپای پاسداران بوو، بەڵام باڵیۆزخانەی ئێران وەک خۆی ماوەتەوەو هیچی بەسەر نەهاتووە.