محەممەد زراری: لەمەودوا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەمەودوا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن، نابێت جیاوازی لە نێوان مووچە خۆرانی هەولێر و سلێمانی و بەسرا و بەغدا یان هەرشوێنێکی دیکەی عێراق هەبێت.

د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەمەودوا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن، چونکە مافی خۆیانە، نابێت جیاوازی لە نێوان مووچە خۆرانی هەولێر و سلێمانی و بەسرا و بەغدا یان هەرشوێنێکی دیکەی عێراق هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاسای بودجەی "2023 ، 2024 و 2025" هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕۆلێکی زۆر گرنگیان پێدراوە، هەروەها هەردوو دیوان بەرپرسن لە داهات و خەرجی کە هەموو شەش مانگ جارێک یان سێ مانگ جارێک دەبێت وردبینی تیدا بکەن، گوتیشی: ئێمە لە ساڵی 2023  وردبینیمان لە هەردوو شەش مانگەکە کردووە.

زراری گوتیشی: ئێمە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە بەغدا بووین، واژۆمان لەسەر ڕاپۆڕتی شەش مانگی دووەم کرد کە داهات و خەرجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند بووە، هەروەها بۆ خەرجکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان پشت بە دیوانی چاودێری بەستراوە، کە چەندین تیممان پێکهێناوە بۆ ئەوەی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بکرێت، دواتر ڕاپۆرتی خۆمان داوەتە دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا و ئەوانیش خۆشبەختانە ڕاپۆرتەکەی ئێمەیان پەسەندکرد و لەسەر ڕاپۆرتی ئێمە گوژمەی 352 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان هات.

 بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی باسی لەوەش کرد، بێگومان لیستی مووچەی مووچە خۆران ڕەنگە لە مانگێک بۆ مانگێکی دیکە گۆڕانی تێدابێت، گۆڕانکارییەکەش لەوانەیە یەک تا سێ ملیار دینارێک بێت، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەمڕۆ مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی ناردووە، جگە لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان.

دەشڵێت: ئەوەی زۆر گرنگە ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەیە کە لە نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی عێراق کراوە، هەروەها ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم و دیوانی چاودێری هەموو بیانووانەمان بڕی کە حکوومەتی فیدراڵی دەیگرت لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەیانویست ئێمە پێمان داون.