‌نەرویج سەلوان مۆمیکا دیپۆرت دەکاتەوە

سەلوان مۆمیکا
سەلوان مۆمیکا

هەولێر – K24:

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، سەلوان مۆمیکا، پەنابەری عێراقی لە سوید کە کۆپییەکی  قورئانی پیرۆزی سووتاندبوو، لە وڵاتی نەرویج لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و لەوانەیە بۆ سوید دیپۆرت بکرێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە: سەلوان مۆمیکا بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی چووەتە ‌نەرویج ، دوای ئەوەی وڵاتی سوید ڕەتیکردەوە کە مافی پەنابەرێتی بۆ درێژ بکاتەوە و مافی مانەوەشی لە وڵاتەکەی لێ وەرگرتەوە.

بە گوێرەی بڕیاری دادگای ئۆسلۆ، مۆمیکا لە 28ـی مانگی ئادارەوە دەستگیر کراوە دوای ڕۆژێک لە گەیشتنی بۆ نەرویج. هەروەها دادگاکە لە (30ـی ئاداری 2024) بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار هەفتە بۆ مۆمۆیکا بڕیوەتەوە، لەو ماوەیەشدا، چاوەڕێ دەکرێت بە گوێرەی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا، فەرمانگەی پەنابەرێتی نەرویج، بڕیار لە دیپۆرت کردنەوەی  بۆ سوید بدات.

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بە دەقی بڕیارەکەی دادگای ئۆسلۆ داوە کە تێیدا دیپۆرتکردنەوەی مۆمیکای لە زووترین کاتدا دووپات کردووەتەوە و تا ئەو کاتەش لە زیندان دەمێنێتەوە.

هەروەها پۆلیسی نەرویج لەبارەی هۆی دەستگیرکردنی سەلوان مۆمیکا ڕایگەیاندووە: یاسای پەنابەرێتی ئەو وڵاتە هەموو ئەو کۆچبەرە نایاساییانە دەستگیر دەکات کە فەرمانی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە، بەهۆی ئەگەری خۆدزینەوەی لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز لەلایەن مۆمیکاوە، تەوژمێکی ناڕەزایەتیی توندی لە جیهانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا و ئاڵۆزیی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سوید و بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی دروست بوو، تا دواجار ستۆکهۆڵم بڕیاری دا   مافی پەنابەرێتی بە مۆمیکا نەدات.

ناڕەزایەتییەکان گەیشتە ڕادەیەک تا لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، خۆپیشاندەران لە عێراق، دوو جار هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و باڵەخانەکەیان سووتاند.

حکومەتی سوید سووتانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سەرکۆنە کرد، هاوکات سەرکۆنەی سووتاندن و سووکایەتکردنی بە قورئانی پیرۆزیشی کرد و لەگەڵ جەختکردنەوە کە یاساکانی ئەو وڵاتە سەرەڕای پێداگریی لە مافەکانی ئازادی ڕا دەربڕین و گردبوونەوە، رێگە بە سووکایەتی و سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان نادات.

ڕۆژی (28ـى حوزەیرانى 2023) کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم، کۆپییەک لە "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند، لە 19ـی تەمووزیش داوای کرد ڕێگەی پێبدرێت لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم کۆپیەکی قورئان بسووتێنێت. ئه‌و ڕه‌فتارانەی مۆمیکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سویدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوابەدوای سووتاندنی قورئان لە لایەن مۆمیکاوە، دەزگای هەواڵگری سوید لە مانگی ئابی 2023ـەوە، ڕێکارەکانی دژ بە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی توندتر کرد، سەرەڕای ئەوەی لە زۆربەری وڵاتانی ئیسلامی بانگەشەی بایکۆتکردنی بەرهەمی کۆمپانیا سویدییەکان دەست پێکرد، ئەمەش بە زیانی ئابووریی بۆ ئەو وڵاتە شکایەوە.

دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی سوید لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، مۆڵەتی نیشتەجێبوونی مۆمیکا لە وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، مۆمیکا زانیاری نادروستی لە فۆرمی داواکردنی پەنابەرێتی تۆمار کردووە، بەڵام دەزگاکە مۆڵەتێكی بە مۆمیکا دا بۆ دۆزینەوەی وڵاتێک بۆ ئەوەی ڕووی تێبکات، ئەویش بەهۆی ئەوەی بوونی مەترسی لەسەر ژیانی مۆمیکا، بەربەستی لە بەردەم دیپۆرتکردنەوەی بۆ عێراق دروست کرد، کە پێشتریش بەغدا داوای رادەستکردنەوەی لە ستۆکهۆڵم کردبوو.

وەرگێڕان: کامەران عەزیز عەبدوڵڵا