ناتۆ دوای 75 ساڵ لە دامەزراندنی لە فراوانبوون بەردەوامە

كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ - ئەرشیف
كۆبوونه‌وه‌ی ناتۆ - ئەرشیف

‌K24 - هەولێر:

ناتۆ وەک بەهێزترین هاوپەیمانێتی جیهانی لە ساڵی 1949 بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی شیوعییەت بە گشتی و رووسیا بە تایبەتی دامەزراوە، سەرەتا 12 ئەندام پێکهاتبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ژمارەی ئەو وڵاتانەی داوای ئەندامێتییان لە ناتۆ دەکرد زیادی کرد.

ئێستا 32 وڵات ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییەن. ناتۆ خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازییە و 3.36 ملیۆن هێزی چەکدار و ژمارەیەکی زۆری فرۆکەی جەنگی و زرێپۆش و تەنانەت کڵاوەی ئەتۆمیشی هەیە. ساڵانە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە، بەشێک لە بودجەی ساڵانەیان بۆ بەهێزکردنی هێزی سەربازی ناتۆ تەرخان دەکەن.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، 12 وڵات بە سەرکردایەتی ئەمەریکا و کەنەدە رێکخراوی هاوپەیمانێی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ یان پێکهێنا.

ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکە پێکهێنانی هێزێکی ئاسایشی بەرگریی بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و پاوانخوازییەکان یەکێتی سۆڤیەتی جاران و شیوعییه‌ت.

ئەمساڵ لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسڵ، کێکی 75ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن سکرتێری گشتی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لەتکرا.

ناتۆ وەک بەهێزترین هاوپەیمانێتی سەربازی لە مانگی ئاداری ساڵی 1949 لەلایەن 12 وڵاتەوە دامەزرێندرا و بە تێپەڕبوونی کات خواستی وڵاتان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە زیادی کرد و ئێستا 32 وڵات لە هاوپەیمانێتییەکەدا ئەندامن، کە نوێترینیشیان فینلاند و سوویدن.

ناتۆ خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا، بەجۆرێک زیاتر لە 3 ملیۆن و 360 هەزار سەربازە و 20 هەزار و 633 فرۆکەی جەنگی و دوو هەزار و 151 کەشتی سەربازی لە ریزی سوپای ناتۆدا هەن. هاوکات 12 هەزار و 408 زرێپۆشە هەیە، جگە لەمەش ناتۆ خاوەنی پێنج هەزار و 943 کڵاوەی ئەتۆمییە.

لە پێناو بەردەوام بەهێزترکردنی توانای بەرگری هاوپەیمانێتییەکە، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ساڵانە زیاتر لەسەدا دووی داهاتی ناوەخۆیان بۆ بودجەی بەرگری ناتۆ تەرخاندەکەن. بەمەش بودجەی بەرگری ناتۆ دەگاتە 1.26 ترلیۆن دۆلار.

رۆژی (4ـی نیسانی 2024)، 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆ تێپەڕی، وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەش بۆ یادکردنەوە و بەردەوامی هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا لە برۆکسل کۆبوونەوە و لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەکەیاندا، کە هاوکات بوو لەگەڵ 75ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیامانی ناتۆ لە ساڵی 1949.

لەلایەن خۆیەوە، یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند: "من هیچ باوەڕم بە ئەمریکا نییە بەتەنیا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ باوەڕێکم بە ئەوروپایەکی بەتەنیاش نییە. بەڵکو پێموایە ئەوروپا و ئەمریکا دەبێت لە ناتۆ پێکەوە بن، چونکە ئێمە پێکەوە سەلامەت و بەهێزترین."