سێنتکۆم: لە سێ مانگی ڕابردوو 94 ئۆپراسیۆن دژی چەکدارانی داعش کراوە

جەنەڕاڵ کۆڕێلا: هەوڵەکانی دەربازکردنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان تێک دەشکێنین
لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا
لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا وەکوو کۆتایی مانگی ئاداری ڕابردوو بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانەکان لە ئەرکی تێکشاندنی داعش لە عێراق و سووریا لە 94 ئۆپراسیۆندا، 18 چەکداری داعش کوژراون و 63 چەکداری دیکەش دەستگیرکراون. فەرماندەی فەرماندەییەکەش دەڵێت: هەوڵەکانی دەربازکردنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان تێک دەشکێنین.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق 66 ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان لە دژی چەکدانی داعش کردووە و توانیویانە 11 چەکدار بکوژن و 36 چەکداری دیکەش دەستگیر بکەن، لە سووریاش بە هەمانگیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە 28 ئۆپراسیۆنی هاوبەشدا، توانراوە حەوت چەکداری داعش بکوژن و 27ی دیکەش دەستگیر بکەن.

فەرماندەییەکە ڕاشیگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکانیان لە عێراق و سووریا بۆ ڕاوەدوونانی 2500 چەکداری داعش بەردەوام دەبێت، بۆ تەواو تێکشاندن و لە ناوبردنی ڕێکخراوی داعش.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی فەرماندەییەکەدا هاتووە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی 9000 داعشی زیندانیکراو لە گرتووخانەکانی سووریا بۆ وڵاتەکانیان، هاوکات هەوڵەکانی شیاندنەوەی 45,000 ئەندامی خێزانە داعشەکان و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگە بەردەوامە کە لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندان.

هەر لە بارەی ئۆپراسیۆنەکان، جەنەڕاڵ مایکڵ ئێریک کۆڕێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "پابەندین بە شکست پێهێنانی تەواوەتی ڕێکخراوی داعش، چونکە بووەتە هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی هەرێمیی و جیهانی".

کۆڕێلا دەشڵێت: بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانیی چاودێری، بەتایبەتی لە بە ئامانجگرتنی ئەو ئەندامانەی داعش کە دەیانەوێت لە دەرەوەی عێراق و سووریا کردەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەگەڵ تێکشکاندنی ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت داعشە دەستگیرکراوەکان لە گرتووخانەکان دەرباز بکەن، بۆ ئەوەی هێزە چەکدارییەکانیان ڕێک بخەنەوە.