ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران دابەش دەکرێت
K24- هەولێر
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە (6ی نیسانی 2024) لە تەواوی فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام لە بانکەکاندا مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی حکوومەت دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو لیستەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوکراوەتەوە لە سێ ڕۆژدا و بەر لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، مووچە بە سەر تەواوی مووچەخۆران و خانەنشینان دابەش دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لە سەر پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار کرد.
هەر لە ڕۆژی چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتیی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت
هەروەها پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی :
پێشەوا هەورامانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پهیامێكی بڵاوكردهوه كه تیایدا هاتووه: بە پشتیوانی خودای گەورە و خۆڕاگریی گەلی کوردستان، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی توانی گرێ کوێرەکان بکاتەوە و هەرێمی کوردستان دەرباز بکات لەو تەنگەژە دروستکراوەی تێی کەوتبوو.
ڕاشیگەیاندووە، "ئێستا کە ئاسۆ ڕوون بووەتەوە، هیوادارین هیچ دوکەڵێکی دەستکرد بەرەبەیانی کوردستان لێڵ نەکاتەوە".